دادگای تێهەڵچوونەوەی عیراق سزای لەسێدارەدانی عەجاجی پەسەندكرد

کوردستان 02:16 PM - 2026/07/02

دادگای   تێهەڵچوونەوەی عیراق سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج  ئەحمەد حەردان تكریتی پەسەندكرد‌و دۆسیەكەی ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكات بۆ ئەوەی مەرسوومی لەسێدارەدانی بۆ دەربكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بە ئەنجامدانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەستدرێژی و كوشتن لە دژی ئەو دەستگیركراوانەی كە قوربانیی  ئەنفال بوون، بە تاوانبار ناسێندرا.

دادوەر سەعد لامی، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عیراقی  ڕایگەیاندووە: دادگای پێداچوونەوە ئەو بڕیارەی پەسەندكرد كە لەسەر سزادراو عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی دەرچووە، دوای ئەوەی بە تاوانی جینۆساید دژی قوربانیانی ئەنفال سزا درا، روونیشیكردەوە، عەجاج بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید، بە ئامانجگرتنی ئەو هاووڵاتییە بێ چەك و كوردانەی كە لە ئۆپراسیۆنەكانی ئەنفال رزگاریان بووە.

باسی لەوەشكرد، عەجاج تاوانی ترسناكی دژی دەستگیركراوانی زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامداوە، كە بریتی بووە لە برسیكردن، بێبەشكردن و ئەشكەنجەدانیان تا مردن، هەروەها ئەنجامدانی تاوانی دەستدرێژی سێكسی، بە وتەی ئەو دادوەرە، دۆسیەكە دەنێردرێت بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ تاوتوێكردن و دەركردنی مەرسوومی سەرۆكایەتی بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكە‌و لەسێدارەدانی.

دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق لە 14ی ئایاردا  سزای لەسێدارەدانی  بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان دەركردبوو، پێش ئەوەی حوكمەكە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پەسەند بكرێت بۆ ئەوەی بكرێتە كۆتایی بەپێی  رێكارە یاساییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو