دوانیوەڕۆی ئەمرۆ لە شاری سلێمانی گۆڕانكارییەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان روودەدات، رێككەوتنی هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژانەوە، لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئیمزا دەكرێت.
لەم بارەیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندووە، ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارەكانیان رێككەوتنی سیاسی نێوان نەوەی نوێ و یەكێتییان پەسەند كردووە. ئاشكراشیكردووە، رۆژی پێنجشەممە رێككەوتنەكە ئیمزا دەكرێت و باڵانسی هێز دەگۆڕێت.
پێشتر سالار لالە سەرحەد، ئەندامی لیژنەی باڵای هاوبەشی یەكێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، رۆژی پینجشەممە دووی تەمموزی 2026 لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە رەسمی رێككەوتنی (هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژانەوە) لە نێوان یەكێتی و نەوەی نوێ ئیمزا دەكرێت.
هاوكات، مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕان پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكەن و بە هەنگاوێكی پێوستی دەزانن بۆ هاوسەنگكردنەوەی هێز لە هەرێمی كوردستان و رزگاكردنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە.
هەروەها، چاودێران و شارەزایانی بواری سیاسی و رۆژنامەنووسان، بەشێوەیەكی ئەرێنی دەڕواننە رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەڵێن، ئەم رێككەوتنە سیاسییە كە لەشاری سلێمانی ئیمزا دەكرێت، وەڵامێكە بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و عیراق و دەشڵێن، ئێستا شەقامی كوردی بەچاوێكی پڕ لەچاوەڕوانیی و هیواوە دەڕوانێتە ئەم هەنگاوە.