ئەمریكا ناردنی بڕێك لە دۆلاری كاشی بە رێگەی ئاسمانی بۆ عێراق دەستپێكردەوە، ئەمەش چەند مانگێك دوای ئەوەی بە مەبەستی فشارخستنە سەر حكومەتی بەغداد بۆ دووركەوتنەوە لە ئێران، راگیرابوون.
حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند: ناردنی كاروانەكانی دۆلار بۆ عێراق دەستی پێكردووەتەوە و كێشەكە چارەسەر كراوە. هاوكات، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق، دەستپێكردنەوەی گواستنەوەی پارەكەی پشتڕاستكردەوە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا گواستنەوەی پارەی نەختینەی دۆلاری بۆ عیراق راگرت و پارەی فرۆشی نەوتی عیراقیشی لە بانكی فیدراڵیی نیویۆرك هێشتەوە.
ئەم رێكارە لە كاتێكدا گیرانەبەر كە عێراق لە پرۆسەی دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرانێكی نوێدا بوو و ئەمریكاش هەوڵیدەدا رێگری لەو كاندیدانە بكات كە وەك لایەنگری ئێران سەیر دەكران. واشنتۆن داوای لە بەغداد دەكرد كۆنتڕۆڵی تەواوی گرووپەكان بكات كە لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا دەجووڵێنەوە و هێرش دەكەنە سەر ئامانجەكانی ئەمریكا.
چەند ساڵێك لەمەوبەر، بەپێی رێسای نوێی بانكی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان ئەمریكا و عێراقدا، شەفافییەتی زیاتر بۆ گواستنەوەی حەواڵەكانی دۆلار پێویست بوو كە لە هەژمارێكی بانكی فیدراڵیی ئەمریكا لە نیویۆرك پارێزراون. ئامانجەكە رێگریكردن بوو لە دزەكردنی نایاسایی دۆلار بۆ لایەنە نایاساییەكان، سپیكەرانی پارە و ئەوانەی یارمەتیی گرووپە چەكدارەكان لە وڵاتانی دراوسێ، دەدەن.
دەستپێكردنەوەی كاروانی دۆلار هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی كەمپینێكی بەرفراوانی دژە گەندەڵی لەلایەن زەیدییەوە، كە تێیدا بە دەیان لێپرسراوی ئێستا و پێشوو، لەوانەش پەرلەمانتاران، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون.