بەهۆی هەنگاوە بەرچاوەكانی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆكانی نێوان واشنتۆن و تاران ، كە ترسی پچڕانی گواستنەوەی نەوتی لە ناوچەی كەنداو كەمكردووەتەوە. جارێكی تر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ 70 دۆلار دابەزی.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە 70 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەكرا. هەروەها نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریكاش گەیشتە 67دۆلار و 67 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك.بەپێی داتاكانی بازاڕ، نرخی نەوتی برێنت لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 40٪ دابەزیوە، ئەمەش گەورەترین دابەزینی نرخە لەسەر ئاستی چارەكەكان لە دوای ساڵی 2020ـەوە.
ئەم دابەزینەش دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند دانوستاندنەكان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن. وەبەرهێنەرانیش وا دەڕوانن كە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، دەبێتە هۆی هێوربوونەوەی گرژییەكان و كرانەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی كەشتییە نەوتهەڵگرەكاندا.
هاوكات بانكی ئای ئێنج جی هۆڵەندی ئاماژەی بەوە كردووە، تەنها لە رۆژی سێشەممەدا 11 كەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، هەرچەندە ئەو ژمارەیە لە تێكڕای هەفتەی رابردوو كەمترە، بەڵام بانكەكە دەڵێت: كەشتییەكان خەریكن بەرەو ناوەوەی كەنداو دەچن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كۆمپانیاكانی كەشتیوانی متمانەیان بە دۆخی گەرووی هورمز هەیە.