بانكی ناوەندیی عیراق نووسراوێكی رەسمی ئاراستەی فالح ساری وەزیری دارایی عیراق كردووەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان 78% دابەزیووە.
بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەندی عیراق كە رۆژی 7ی ئایاری 2026، ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی عیراق كردووە، بە ئاماژەدان بە نووسراوی وەزارەتی داراییو ئابووری هەرێمی كوردستان لە 5ی ئایاری 2026، داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان 78% دابەزیووە، هۆكاری سەرەكیی ئەم دابەزینەش بۆ كێشە تەكنیكی و كارگێڕییەكان لە دەروازە سنوورییەكان گەڕاندووەتەوە.
بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاندووە: دواكەوتن لە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە دەروازە سنوورییەكانی سەر بە هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی كۆمپانیا بازرگانییەكان نەتوانن بە نرخی رەسمی بانكی ناوەندی دراوی بیانی بەدەستبهێنن. هەر لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوەكراوە ئەم دۆخە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كەمبوونەوەی چالاكییە بازرگانییەكان لەو دەروازانە هەبووە.
بانكی ناوەندی لە شیكردنەوەیەكدا بۆ ئاستی هاوردەكردن لە وەرزی یەكەمی ساڵانی 2025 و 2026، دەریدەخات: دابەزینێكی گەورە لە قەبارەی ئەو كەلوپەل و مادانەدا بینراوە كە لە توركیاوە هاوردە دەكرێن.
سەبارەت بە ئاستی زیانە داراییەكانیش، بانكی ناوەندیی عیراق دەڵێت: رێژەی دابەزینی داهاتەكان گەیشتووەتە 78%، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ دابەزینێكی گەورە لە ئاستی داهاتە گشتییەكاندا.