دادوەر مونیر حەداد، راوێژكاری یاسایی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاشكرای دەكات، ئەو پارەیەی لەساڵی 2003ـەوە لە عیراق دزراوە، لە دوو ترلیۆن دۆلار زیاترە، دەشڵێت، پڕۆسەی دەستگیركردنی گەندەڵكاران بەردەوامە و لە داهاتوودا بە ئاشكرا دادگایی دەكرێن.
دادوەر مونیر حەداد، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عیراقییە باسی لەو كەسانەكرد كە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون و رایگەیاند، ئەو پارە و موڵك و ماڵەی تۆمەتباران هەیانە، لەسەرووی تێگەیشتنی عەقڵ و مەنتیقەوەیە.
دەشڵێت، لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان بەردەوامە، تائێستاش ئاماری كۆتایی لەسەر ژمارەی دەستگیركراوەكان نییە، چونكە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و رۆژانە ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی گەندەڵكاران بەنهێنی بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی ئەو راوێژكارە، تۆمەتبارە سەرەكییەكان لە لێكۆڵینەوەكاندا بە وردەكارییەوە دانیانناوە بە تاوانەكانیاندا، ئەمەش وایكردووە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەكان بگەنە تۆمەتبارانی تر. دەشڵێت، بەشێك لە تۆمەتباران هەوڵیانداوە لە عیراق هەڵبێن، یان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، كە هەماهەنگییەكی باشیان لەگەڵیاندا هەیە و لەماوەكانی رابردوودا هەشت تۆمەتبار لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە تەسلیمی هێزە ئەمنییەكانی عیراق كراونەتەوە.
ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆكوەزیرانی عیراق تەئكید لەوەشدەكاتەوە، لیستی تۆمەتباران، لێپرسراوانی ئێستا و پێشوو هەروەها پەرلەمانتاری تیایە، ئەو تاوانانەشی ئەنجامدراون، تاوانی ئاسایی نییە، بەڵكو تاوانی زیادبوونی نائاسایی سامانی تۆمەتبارانە، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی سپیكردنەوەی پارەوە.
مونیر حەداد باسی لەوەشكردووە، ئەو پارە و موڵك و ماڵانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، ناخوێنرێتەوە و باوەڕی پێناكرێت، ژنی یەكێك لە تۆمەتبارەكان یەك موڵكی بە پێنج ملیۆن دۆلار كڕیووە، كە نرخی ڤێلایەكی گەورەیە لە پاریس یان ئەمستەردام، لێپرسراوی وا هەیە 50 موڵك بەناوی خۆی و ئەندامانی خێزانەكەیەوە تۆماركراوە. راوێژكارەكەی زەیدی دڵنیایی دەدات لەوەی، هەموو ئەو پارە و موڵكانە دەگەڕێنرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، پڕۆسەی دادگاییكردنی گەندەڵكارانیش هاوشێوەی دادگاییكردنی سەدام حسێن بە ئاشكرا بەڕێوەدەچێت.