دواجار قەتەر لێدوانی لەسەر ئەو دەنگۆیانەدا كە باس لە ئەگەری بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەك دەكەن لە نێوان وەفدی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێران لەم هەفتەیەدا لە دەوحە.
ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، نێردراوانی واشنتۆن، ستیڤ ویتكۆف و جارید كۆشنەر، ئێستا لە دەوحەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ نێوەندگیران و تاوتوێكردنی دانوستانەكان، لە كاتێكدا هیچ كۆبوونەوەیەكی ئاستبەرز لەگەڵ ئێراندا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
لەلایەكی ترەوە، وتەبێژەكە تەئكیدی لەوەكردەوە، ئەو پارە سڕكراوانەی ئێران كە لە قەتەرن و بڕەكەی شەش ملیار دۆلارە هێشتا رەوانەی تاران نەكراون و پابەندن بە رێككەوتنی ساڵی 2023، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، ئەو پارەیە تەرخانكراوە بۆ كڕینی كەلوپەل و كاڵا مرۆییەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە چەند رۆژی رابردوو، هێڵێكی پەیوەندی راستەوخۆ بۆ هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكان لە گەرووی هورمز و كۆنتڕۆڵكردنی ڕووبەڕووبوونەوەكان بەكارهێنراوە. وتەبێژەكە روونی كردەوە: لەبارەی گەرووی هورمز و تێپەڕبوونی سەلامەتی كەشتییەكان، هەماهەنگی لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان دەكەن.