شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ پێشمەرگە کەمئەندام بووەکانی سەنگەر کۆبووەوە
ئەمڕۆ سێشەمە 30ی حوزەیرانی 2026، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ سکرتێرو بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەڤاڵان جوتیار نوری و مامۆستا جوامێر، ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر تیشکی خستەسەر خەبات و قوربانیدانی کەمئەندابووەکانی سەنگەر و پێی راگەیاندن؛ بەڕاستی نازناوی " شەهیدانی زیندوو" کە لەلایەن خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال-ەوە بەکاردەهێنرا، شایستەی ئێوەی کۆڵنەدەرە کە لە قۆناغە سەختەکانی تێکۆشانی میللەتەکەماندا رۆڵتان هەبووەو، جارێکی دیکەش لەکاتی جەنگی دژ بەتیرۆریستاندا داعشدا ژمارەیەکتان شەهیدبوون و ژمارەیەکیشتان دیسان کەمئەندام بوونەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر کوردستاندا هاتووە، نەتوانراوە وەکو پێویست خزمەت بکرێن.
هاوکات سڵاوی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێگەیاندن و رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ هەڤاڵان سەرۆک و جێگری سەرۆکی یەکێتی، جەخت لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی مافەکانی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر و تێکۆشەرانی دێرین کراوەتەوە.
پاشان، هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، لە وتەیەکدا وێڕای تەئکیدکردنەوە لەسەر پێویستی زیاتر خزمەتکردنی کەمئەندامانی سەنگەر، لەپای ئەو قوربانی و خزمەتە زۆرەی پێشکەش بە خاک و نیشتمانیان کردووە، دوا پێشهاتەکانی دۆخی هەرێم و عیراقی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.
هەروەک تیشکی خستەسەر رۆڵی کاریگەریی یەکێتی لەسەر ئاستی عیراق کە سەرەنجام رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە هەڤاڵان، فوئاد حاجی بابەکر سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر و هادی ئەکرەم بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی وتەیان پێشکەش کرد.