قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە 30ی حوزەیرانی 2026 لە هاوینە هەواری دوکان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و پێگە و سیاسەتی یەکێتی بەرچاوڕوونیدا بە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەوز و رایگەیاند یەکێتی لەم قۆناغەدا لە بەغدا پێگەیەکی کاریگەر و بەهێزی هەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە حیساب بۆ هەڵوێست و سیاسەتی یەکێتی لەسەر پرسە گرنگەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێش قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، هەموو دۆستان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئاگاداری هەڵوێست و بۆچوونی یەکێتین و یەکێتی نەک تەنها رێگر نییە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵکو جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە. وتیشی هەر لە دەستپێکی دانووستانەکانەوە یەکێتی رایگەیاندووە بەشداری لە حکومەتێکدا دەکات کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکهاتبێت و ئەم هەڵوێستەش لە پابەندبوونی یەکێتییەوەیە بەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستانی داوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داوای لە پەرلەمانتارانی یەکێتی کرد سەرباری ئەوەی کە پەرڵەمان کارا نییە بەڵام ئەرکەکانی خۆیان بەرامبەر بە دەنگدەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن و رۆژانە بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتییان بکەن