عیراق.. چوار ملیۆن دۆلار لە ئۆتۆمبێلێكدا دەستی بەسەردا گیرا

عیراق 02:53 PM - 2026/06/30

 چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لە ئۆتۆمبێلێكدا لە نزیك قەزای خورماتوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستی بەسەردا گیرا و خاوەنەكەشی دەستگیركرا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی عیراقی رایگەیاند، بڕێك پارە لە ناو ئۆتۆمبێلێكدا لە بازگەیەكی ئەمنی نێوان پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە دەستی بەسەردا گیراوە، هاوكات خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەش بۆ زانینی سەرچاوە و شوێنی مەبەستی پارەكە دەستیپێكردووە.

سەرچاوەكە روونیكردووەتەوە، هێزە ئەمنییەكان لە بازگەی "عەباس جوما"ی نێوان پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان "پاسفاندەر"یان راگرتووە و لە ناویدا بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریكی "بەزمانی بازاڕ واتا چوارسەد دەفتەر دۆلاریان" دۆزیوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە دەستبەجێ دەستگیركراوە و رێكاری یاسایی لە بەرامبەر گیراوەتەبەر، لەگەڵ كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بۆ زانینی سەرچاوەی پارەكە و ئەو لایەنەی لە پشت گواستنەوەیەوە وەستاوە.

دەستبەسەرداگرتنی ئەو چوار ملیۆن دۆلارە لەكاتێكدایە، دەسەڵاتدارانی عیراق هەڵمەتێكی بەرفراوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و دەوڵەمەندبوونی نائاسایی دەستپێكردووە، لە چەند رۆژی رابردووش دەیان سیاسی، فەرمانبەر، لێپرسراو و خاوەن كۆمپانیا بەتۆمەتی گەندەلێ دەستگیركراون و ملیاران دینار و ملیۆنان دۆلار دەستیان بەسەردا گیراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو