سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر خاكی ئێران، چەند هێرشێكی كردووەتە سەر كوەیت و بەحرەین. هاوكات هۆشداریدا، هەر دەستدرێژییەكی نوێی ئەمریكا بە وەڵامێكی توند رووبەڕوو دەبێتەوە.
رۆژی یەكشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هەشت پێگە و ژێرخانی گرنگی سوپای ئەمریكایان لە بنكەی (عەلی سالم لە كوەیت و هێزی دەریایی پێنجەم) لە بەندەری سەلمان لە بەحرەین كردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون. سوپای پاسداران تەئكیدی كردەوە، هەر هێرشێكی نوێ بە هەر پاساوێك بێت، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
ئێران و ئەمریكا یەكتری بە پێشێلكردنی ئەو یاداشتنامەیەی لێكتیگەیشتنەكەی نێوانیان تۆمەتبار دەكەن كە هەفتەی رابردوو لە نێوانیاندا ئیمزا كراوە. بەپێی یاداشتنامەكە، پێویستە ئێران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە كردووە، بەگوێرەی "یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد"، رێكخستن و چاودێریكردنی هاتووچۆی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز لە ئەستۆی ئێراندایە، و رایگەیاند؛ لەمەودوا بە توندتر لە جاران رووبەڕووی كەشتییە سەرپێچیكارەكان دەبنەوە.
هەروەها هۆشداری داوە هەر كەشتییەك بیەوێت لەو رێڕەوە ئاوییە تێپەڕێت، دەبێت مۆڵەت لە ئێران وەربگرێت و بەو رێگایەدا بڕوات كە بۆی دیاری دەكرێت، بە پێچەوانەوە رێكاری گونجاویان لەدژ دەگیرێتەبەر.