ئەمڕۆ چوار وەفدی هەرێمی كوردستان، بۆ چەند پرسێكی جیاواز لە بەغدادی پایتەخت دەبن و یەكێك لەو پرسانەش تایبەتە بە مووچە.
بە بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، وەفدێكیان بۆ پرسی مووچەی مانگی شەش و داهاتی ناوخۆیە، كە هەرێمی كوردستان پێشتر رایگەیاندووە، دیاریكردنی 120 ملیار دینار وەك داهاتی ناوخۆ یاسایی نییە.
فالح ساری وەزیری دارایی عیراق، بڕیاریداوە بڕی 120 ملیار دینار وەك بەشی داهاتی ناوخۆ لە كۆی ئەو پارەیە ببڕێت كە بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت.
بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێت،ئەم لێبڕینە تووشی گرفتیان دەكات، چونكە ئێستا داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەكی بەرچاو كەمترە لە جاران.بۆ رێگریگرتن لەم بڕیارە، وەفدێكی حكومەتی هەرێم بە مەبەستی دانوستاندن لە بەغداد دەبێت و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكانیشیان گفتوگۆكردن دەبێت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی بەغداد داوای دەكات.
هاوكات وەفدی دووەم تایبەتە بە پرسی ئەسیكۆدایە، هەرچەندە هەردوولا گەیشتوونەتە لێكتێگەییشتن، بەڵام چەند بڕگەیەك ماوە كە بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت، هەروەها دەبێت ئەنجوومەنی ئابووریی عیراق لە كۆبوونەوەیەك دەنگ لەسەر رەشنووسی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوولا بدات.
وەفدی سێیەمیش لەبارەی زیندانییانی سیاسییە. لیستی نزیكەی 25 هەزار زیندانی سیاسی دراوەتە حكومەتی عیراق بە مەبەستی هاوتاكردنی مووچەكانیان،ئەمە جگە لەوەی بەشێكی بەرچاوی ئەو لیستە تا ئێستا تەنیا كۆدیان وەرگرتووە، بێ ئەوەی مووچەیان بۆ خەرج بكرێت.
وەفدی چوارەم و كۆتایی ، وەفدێكی وەزارەتی تەندروستییە كە بەمەبەستی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ د. عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عیراق و لایەنە پەیوەندارەكان سەردانی بەغداد دەكەن و لەبارەی هەماهەنگی زیاتر و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان گفتوگۆدەكەن.