جووتیارانی سنووری بەردەڕەش داوا دەكەن رێژەی وەرگرتنی گەنم زیاد بكرێت
سەرباری زۆریی بەرهەمی گەنم لەمساڵدا، بەڵام جووتیارانی هەرێمی كوردستان دڵگرانن لە دۆخی فرۆشتن و وەرگرتنی بەرهەمەكانیان. نرخی یەك تۆن گەنم لە بازاڕدا ئێستا بۆ نزیكەی 300 هەزار دینار دابەزیوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر داهاتی جووتیاران دروست كردووە. رێژەی دیاریكراوی وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 400 هەزار تۆنە و حكومەتی فیدڕاڵ بۆ پارێزگای دهۆك 116 هەزار و 83 تۆنی دیاری كردووە، كە لە رێگەی چوار سایلۆوە وەردەگیرێت. جووتیارانی سنوورەكە داوای چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكەن و دەڵێن: پێویستە حكومەت رێژەی وەرگرتنی گەنم زیاد بكات، بۆئەوەی زۆرینەی بەرهەمی ناوخۆ لەلایەن سایلۆكانەوە وەربگیرێت و زیانی ئابووری لەسەر جووتیاران كەم بكرێتەوە