سێ وەفدی هەرێمی كوردستان دەچنە بەغداد

کوردستان 10:56 AM - 2026/06/27

 سێ وەفد لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغداد دەكەن، پرسی سەرەكییش چارەسەركردنی كۆمەڵێك پرسی داراییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق.
بڕیارە لەم هەفتەیەدا سێ وەفدی جیاواز سەردانی بەغداد بكەن،  یەكەم وەفد كە نوێنەرایەتیی لایەنی دارایی هەرێمی كوردستانە بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی بەغداد بكات، ڕۆژی یەكشەممە دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكات لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق.

تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانیشیان پرسی پێداچوونەوە و كەمكردنەوەی بڕی ناردنی 120  ملیار دیناری مانگانەی داهاتی نانەوتیی كوردستانە بۆ بەغداد كە پێشتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی نانەوتیی و دەروازە سنورییەكان توانای دابینكردنی نیوەی ئەو پارەیەی هەیە.

وەفدەكە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەكانی دیوانی چاودێریی دارایی عیراق، داوای كەمكردنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەكات، چونكە وەك حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە داهاتی نانەوتی كەمی كردووە و تەمویلكردنی تەواوی ئەو بڕە، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەمویلكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە.
لەلایەكی ترەوە،ڕۆژی یەكشەممە  وەفدێكی تری هەرێمی كوردستان كە ئەمەیان سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانە دەگاتە بەغداد، ئەم وەفدە بۆ ماوەی پێنج  ڕۆژ دەمێنێتەوە.

ئامانجی ئەم وەفدەش كۆبوونەوەیە لەگەڵ دەستەی گشتیی زیندانییە سیاسییەكانی عیراق، بە مەبەستی ئیمزاكردنی ڕێككەوتنامەی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عیراق، كە لە ئەگەری سەركەوتنی شایستە داراییەكانی ئەم توێژە بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.

بەپێی زانیارییەكان، بەمەبەستی ڕێكخستنی كاروباری گومرگی، ڕۆژی دووشەممە وەفدی سێیەم سەردانی بەغداد دەكات بە مەبەستی یەكلاییكردنەوەی پرسی جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی (ئەسیكۆدا) لە دەروازە سنوورییەكان و ئیمزاكردنی ڕێككەوتنی كۆتایی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بۆ یەكخستنی ڕێكارە گومرگییەكان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان كە ئەمەیان خواستی حكومەتی عیراقە و دەمێكە داوا دەكات لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو