رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەكەی ڤەنزوێلاوە لە هەزار كەس نزیكبووەتەوە، بە دەیان هەزار كەسیش تاوەكو ئێستا بێ سەروشوێنن.
تۆم فڵێتچەر، سەرۆكی تیمی هاریكاری نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، دوو بومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلای هەژاند، 50 هەزار كەس تاوەكو ئێستا بێ سەرووشوێن بوون و چارەنووسیان دیار نییە.
بومەلەرزەكان كە گوڕەكانییان 7.2 و 7.5 پلەی ڕێختەر بوو، زیانێكی زۆری بە باڵەخانەكانی ناوچە كەناراوەكانی لا گوایرا لە ڤەنزوێلا گەیاندووە. بۆ پاراستنی هاووڵاتییانیش، رۆژی شەممە، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا نزیكبوونەوەی هاووڵاتییانی لەو باڵەخانانەی ڕووخاون یاخود زیانییان بەركەوتووە قەدەغەكرد.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان، ڕێژەی گیانلەدەستدان گەشتووەتە 920 كەس و بە ئەگەری زۆرەوە ژمارەكە زیاد دەكات، بەتایبەت بەهۆی داڕووخانی باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون كە بە سەدان ماڵی لە خۆ گرتبوو.
ئاژانسە مرۆییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندووە، بەلایەنی كەم لە 17 وڵاتەوە تیمی تایبەتمەند گەیشتوونەتە ڤەنزوێلا، تاوەكو هاریكاری ڕزگاربوان بكەن.