جێگری سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریی دایە ئێران هەر هێرشێكی نوێ، بەهێز وەڵام دەدرێتەوە. ئەوەش دوای ئەو هێرشانەی ئەمریكا دێت كە پێگەكانی ئێرانیان بە درێژایی گەرووی هورمز كردە ئامانج.
جەی دی ڤانس، لە پۆستێكدا لە پلاتفۆرمی ئێكس رایگەیاند، ئێران رێككەوتنی ئاگربەستی ئیمزاكردووە و ئەمریكاش "پێوەی پاپەند بووە". ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر تاران ناڕەزایەتی هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاداشتی لێكگەیشتنەكە، دەتوانێت پەنا بۆ كەناڵە دیپلۆماسییەكان ببات، بەڵام توندوتیژی بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە.
ئەوەش دوای ئەوە هات، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، هێرشیان كردووەتەسەر پێگەكانی كۆگاكردنی مووشەك و درۆنی ئێران، لەگەڵ دامەزراوەكانی راداری كەناراوەكان، وەك وەڵامێك بۆ ئەو هێرشەی كرایە سەر كەشتییەكی بازرگانی لە كاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا.
لەلایەكی ترەوە رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال ڕایگەیاند، هێزەكانی ئێران بە چوار درۆنی بۆمبڕیژكراو، ئەو كەشتییانەیان كردووەتە ئامانج كە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین. سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەش كردووە، هێزەكانیان توانیویانە سێ درۆنی ئێرانی بخەنە خوارەوە و رێگری لە ئامانجەكانیان بكەن؛ وتیشی: ئەمە پێشێلكاریی رێككەوتنی ئاگربەستی نێوانیانە.