ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٦/٦/٢٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز ئیندۆ ئەکیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عيراق و وەفدێكی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی عيراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عيراق و ناوچەکە تاوتوێ کران، هەروەها جەخت لە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرایەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی گەشەپێدانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە و ئابووری و بازرگانیدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی و پێویستیی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لەپێناو تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە ڕێگر لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەردەوامبوونی گفتووگۆ و لێکگەیشتنی نێوان هەولێر ـ بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.