عیراق هاوردەی 35 بەرهەمی كشتوكاڵی قەدەغەكرد

کوردستان 02:03 PM - 2026/06/27

 وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق هاوردەكردنی 35 ماددەی خۆراكی و شەتڵی ڕووەكی قەدەغەكرد‌و كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانیش تەئكید لە پابەندبوونیان دەكاتەوە بە ڕۆژمێری كشتوكاڵی نێوان هەولێر و بەغداد. 

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە 23ـی حوزەیرانی 2026 نووسراوێكی ئاڕاستەی دەستەی دەروازە سنووریەكانی عیراق كردووە، كە تایبەتە بە قەدەغەكردنی ماددە كشتوكاڵییەكان و هاوردەكردنی و مامەڵەپێوەكردنی لە بازاڕەكانی ناوخۆی عیراق.

ئاماژە بەوەشكراوە، هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە تاوەكو ئەو كاتەی بەرهەمی ناوخۆیی كۆتایی دێت قەدەغە دەكرێت، كە مەبەست لێی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەیە لە هەرێمی كوردستان كە ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەكرێت.

بەپێی رێكارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، 45 ماددەی خۆراكیی كشتوكاڵی و ئاژەڵی و شەتڵی ڕووەكی خراوەتەڕوو، كە 35 ماددەیان بەتەواوی قەدەغەیە هاوردەی عیراق بكرێت، 10 ماددەی تریشیان بەگوێرەی پێگەیشتنی بەرهەمەكان گۆڕانكاری بەسەر هاوردەكردنیاندا دێت.

لەو 35 ماددەیەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئاماژەی پێكردووە، دووگی ئاژەڵ، گۆشت، قیمەی بەستوو، مانگاو مەڕ و گامێش بۆ بەخێوكردن، هێلكەی جوجك هەڵهێنان، هاوكات تەڕەپیاز و پیاز، گەڵامێو، هەنگوین و جۆرە جیاوازەكانی خورمای قەدەغە كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو