سەرۆك وەزیرانی عیراق: سەردانەكەمان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێكی پرۆتۆكۆڵی نییە

کوردستان 02:52 PM - 2026/06/27

 عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، سەردانەكەیان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێكی پرۆتۆكۆڵی نییە، بەڵكو راگەیاندنی قۆناغێكی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریكا، دەشڵێت دەیانەوێت لە سێ ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز بكەنەوە.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنەكدا ڕایگەیاند، سەردانەكەیان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێكی پرۆتۆكۆڵی نییە، بەڵكو راگەیاندنی قۆناغێكی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریكا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی یەكتر.

مانگی ئەیلولی داهاتوو، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەركی خۆیان دژی داعش كۆتایی پێدەهێنن و عیراق بەشێوەیەكی هەمیشەیی بەجێدەهێڵن.
وتیشی، لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕوانی بوونی ئەمریكاین لە ڕێگەی هاوبەشی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە.

سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكەمان لە هاوبەشیی سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ هاوبەشییەكی ئابووری بەردەوام، دروستكردنی پردێكی ئابوری كاریگەر لە نێوان عیراق و ئەمریكا كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەل بكات.

وتیشی، وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و پەیوەندییەكانمان ئاڕاستە كردووە كە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی ئەمریكا لە بوارەكانی وزە، پەیوەندییەكان، تەكنەلۆژیا و گەشەپێدان لە پێشینەدا دابنێن".
سەرۆكوەزیرانی عیراق باس لەوەشدەكات، لەگەڵ لایەنی ئەمریكی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی سندوقی وزە و گەشەپێدان دەكەن، كە لە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا دەستپێدەكات و دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابوری و بەرهەمهێنان و ڕەنگە لە دەرەوەی سنورداركردنی پشكەكانی ئۆپێك بێت.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەداوە، كاردەكەن بۆ دەستەبەركردنی پشكێكی دادپەروەرانە بۆ عیراق لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك، كە هاوتابێت لەگەڵ تواناكانی.

سەبارەت بە بەرنامەكەی بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، گفتوگۆی قووڵیان لەگەڵ گروپە چەكدارەكان ئەنجامدا و تەئكیدیان كردەوە، دەوڵەت چوارچێوەی كۆكەرەوەی هەمووانە، بوونی چەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانی قبوڵكراو نییە.

عەلی زەیدی وتیشی، ناكرێت نكۆڵی بكرێت لە ڕۆڵی گروپە چەكدارەكان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بەڵام قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان لە ڕێگەی دەوڵەت و دامەزراوەكانییەوە كار بكەن.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو