عیراق پێنج گوند بۆ لیستی باشترین گوندە گەشتیارییەكانی جیهان كاندید دەكات

کوردستان 01:01 PM - 2026/06/28

دەستەی گەشتوگوزاری عیراق رایگەیاند ،پڕۆسەی ئامادەكردنی دۆسیەی كاندیدكردنی پێنج گوندی بۆ دەستپێشخەریی باشترین گوندە گەشتیارییەكانی جیهان بۆ ساڵی 2026 تەواو كردووە.

لەم كاندیدكردنە نێودەوڵەتییەدا، ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان پشكی شێریان بەركەوتووە.

لە كۆی ئەو پێنج گوندەی كە فایلی كاندیدكردنیان رەوانەی ڕێكخراوی گەشتیاریی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، سێ‌  گوندیان دەكەونە هەرێمی كوردستانەوە كە بریتین لە:  بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە،  ڕواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران،  هەرور لە پارێزگای دهۆك، هەلاروەها لە پارێزگاكانی عیراق   میركی لە پارێزگای نەینەوا و گوندی  ئەبو سوباتە لە پارێزگای زیقار كاندیدكراون .

عەلی یاسین عەبدولڕەزا وتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار رایگەیاندووە: تیمێكی تەكنیكی لە شارەزایانی باڵا، پشكنینێكی گشتگیریان بۆ تەواوی گوندەكانی عیراق ئەنجامداوە و دوای لێكۆڵینەوە لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ئەم پێنج گوندە وەك نوێنەری عیراق هەڵبژێردراون.

تەئكیدیشی كردەوە كە ئامانج لەم هەنگاوە، پەرەپێدانی گەشتوگوزاری بەردەوام و پاراستنی شوێنەوار و ژینگەی رەسەنی گوندەكانە بەبێ دەستكاری كردنی مۆركە مێژووییەكەیان.

دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشكردووە  گەشتوگوزاری ژینگەیی و گوندنشینی تەوەری سەرەكیی پلانی ستراتیژیی دەستەكەن تا ساڵی 2035. بڕیاریشە لە ساڵی 2027ـدا كار بۆ كاندیدكردنی ژمارەیەكی زیاتری گوندەكان بكرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕاكێشانی گەشتیارانی بیانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ ناوچە گوندنشینەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو