عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراوی عیراق سەردانی بەغدادی كرد و لەیەكەم كاریی سەردانەكەیدا لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكە هەردوولا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامداو لای خۆیەوە فوئاد حسێن تەئكیدی لە بەردەوامی پەیوەندیەكانی نێوان بەغداد و تاران كردەوە و رایگەیاند، عیراق دژی هێرشەكانی سەر ئێران بووە و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سوپاسی گەلی عیراقی كرد بۆ پشتیونیان لە ئێران.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق وتی: شەڕ هێشتا بەردەوامە لەناوچەكەو كاریگەریی لەسەر عیراق هەبووە. هەروەها وتی: بەداخەوەم ئێران كەوتووەتە جەنگەوەو جەنگ وێرانكاریی بۆ هەموو وڵاتان دەهێنێت نەك تەنها یەك وڵات.
لای خۆشییەوە سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكە، عەباس عراقچی وتی: یەكێك لەئامانجەكانی سەردانەكام بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری هاتوومەتە عیراق لەپای پشتیوانییان بۆ گەلی ئێران لە كاتی جەنگدا. یەكێكی تر لە ئامانجەكان؛ پیرۆزبایی كردنە لە كابینەی نوێی حكومەت و عەلی زەیدی و گەیاندنی پەیامی رابەری ئیرانە بە سەرۆك وەزیرانی عیراق. وەك وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی پێكرد، ئامانجێكی تری سەردانەكە هەماهەنگییە بۆ رێورەسمی پرسەی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران.
سەبارەت بەدۆخی گەرووی هورمزو جەنگ لەناوچەكە، عەباس عراقچی وتی: تا 30 رۆژی تر گەرووی هورمز لەژێر چاودێری ئێراندا دەبیت دواتر دەگەڕێتەوە باری ئاسایی پێش جەنگ. هەروەها دووپاتیكردەوە دەبێت شەڕ لەهەموو بەرەكان بەلوبنانەوە بوەستێت بەڵام هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوامە دەبێت ئیسرائیل باشووری لوبنان بكشێتەوە، بەپێی لێكتێگەشتنەكەی نێوان تاران و واشنتۆن.