ڤیكتۆریا هاوسەری كییەر ستارمەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ، كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبوو لەسەر بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی هاوسەرەكەی.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە كییەر ستارمەر بڵاویكردەوە ، ستارمەر كۆتایی هەفتە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، لەگەڵ هاوسەرەكەی و نزیكترین یاریدەدەرەكانی قسەی كردووە، پرسیاری ئەوەی كردووە ئایا رێگەیەك هەیە بۆ ئەوەی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە یان گەشتەكە كۆتایی هاتووە.رۆژنامەكە لە راپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكراكردووە، هاوسەرەكەی ستارمەر رۆڵێكی سەرەكی بینیوە لە دیاریكردنی ئەوەی لە داهاتوودا چی روودەدات.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە ،مانگی رابردوو ستارمەر دوای زنجیرەیەك دەستلەكاركێشانەوەی لەناو حكومەتدا بەنیازبووە دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام هاوسەرەكەی رۆڵێكی چارەنووسسازی گێڕاوە لە رازیكردنی بۆ بەردەوامبوون .
ئەمەش لە كاتێكدایە، رۆژنامەی ئۆبسێرڤەری بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، ستارمەر لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شاری چێكەرز، لەگەڵ هاوسەرەكەی تاوتوێی بابەتی دەستلەكاركێشانەوەی كردووە و ئەمڕۆ دوای ڕاوێژ لەگەڵ وەزیرانی كابینەكەی و ڕاوێژكارەكانی، بڕیاری كۆتایی داوە.
كییەر ستارمەر كە لە 5ی تەممووزی 2024ەوە لەو پۆستدایە، دوای شكستی پارتەكەی لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حەوتی ئایاری ئەمساڵ، رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە.پارتی كرێكاران زۆرینەی دەنگەكانی لەدەستداوە و ئێستا سەركردەكانی پارتەكە دەیانەوێت كاندیدێكی نوێ بخەنە شوێنی ستارمەر تا لە شكستێكی هاوشێوە لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی 29ـی ئابی 2029 بەدووربن.