بۆردی راگەیاندنی ی.ن.ك: بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆ حزبیی و نایاساییە

کوردستان 11:19 PM - 2026/06/21

بۆردی راگەیاندنی یەكێتی بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆ بۆ دەستگیركردنی بەڕێوەبەر و میدیاكارێكی كەناڵ8، بە حزبیی و نایاسایی ناودەبات. داواش لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات  لەسەر ئەو پێشێلكاریە بێنە دەنگ.

بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێدا هاتووە، فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستگیركردنی بەڕێوەبەری كەناڵ 8 و میدیاكارێكی دیاری كەناڵەكە، مایەی سەرسوڕمان و شۆكە، چونكە لە سەرێكەوە پێچەوانەی (یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007)ی یاسای كاری رۆژنامەوانیی هەرێمی كوردستانە و لەسەرێكی ترەوە دژی رێنماییەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە كە رۆژنامەنووس بەبێ نوێنەری سەندیكا نابێت تەنانەت بانگهێشتی بەردەم یاساش بكرێت نەك فەرمانی دەستگیر كردن.

 لەراگەیەندراوەكەدا ئەوەشهاتووە، بڕیارێكی لەوجۆرە رێكارێكی نوێی بێدەنگكردنی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەیە كە لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی و كەموكوڕییەكان هەواڵ و راپۆرت و زانیاری بڵاودەكەنەوە، لە كاتێكدا لە هەولێر و لە تەنیشت وەزیری ناوخۆوە رۆژانە هەندێك كەناڵ بە بەردەوامی سەرقاڵی چەواشەكاری و هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ناوزڕاندنی سلێمانی و دەوروبەرن، بۆردی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت،  ئەم بڕیارەی وەزیری ناوخۆ  بازدانە بەسەر یاسا و رێساكانی رۆژنامەوانی لە كوردستان و دادگا و وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان و زیاتر بڕیارێكی حزبییە نەك حكومی.

هاوكات بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەردەبڕێت و بە سنوورداركردنی ئازادیی میدیایی دەزانێت، هەروەها داوا لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات  لەسەر ئەم پێشێلكاریە بێنە دەنگ و لەڕێی خەباتی یاسایی و مەدەنیانەوە رێگری لە جێبەجێكردنی ئەم جۆرە بڕیارانە بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو