حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست دەكات بە دابەشكردنی مووچەی ئەو توێژانەی كە تەمویلەكەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، پڕۆسەكەش ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی حوزەیران تا رۆژی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەكرێت. ئەم بڕیارە هەروەها ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە كە بە شێوەی گرێبەست كار دەكەن و تەمویلی مووچەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
لە پاڵ مامۆستایانی گرێبەست، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە كردووە ،مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەكرێت كە لە دوای یەكی تەمووزی 2024 بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی دامەزراون. شایستە داراییەكانی ئەم فەرمانبەرانەش بە تەواوەتی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا زیاتر لە 42هەزار مامۆستایە. تەمویلی مووچەی ئەم مامۆستایانە مانگانە نزیكەی 25 ملیار دینارە. دابەشكردنی مووچەی ئەم توێژانە لە كاتێكدایە كە مووچەی زۆربەی مووچەخۆرانی تر بۆ مانگی ئایار لە نێوان 26 تا 28ی ئایار دابەشكراوە.