دوای رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا، هەردوولا بڕیاریان داوە لیژنەیەكی باڵا پێكبهێنن تاوەكو بە مەیدانی سەردانی ئەو دەروازانە بكەن كە تا ئێستا بە نارەسمی ماونەتەوە.
بەپێی رەشنووسی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، لیژنەكە لە چەندین لایەنی ئەمنی و كارگێڕی پێكدێت. لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بەشدار دەبن. لە بەرامبەریشدا لە حكومەتی عیراق، نوێنەرانی دەستەی دەروازە سنوورییەكان، وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری و دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵ ئەندام دەبن لە لیژنەكەدا.
ئامانجی سەرەكیی ئەم لیژنەیە سەردانیكردنی سەرجەم ئەو دەروازە سنوورییە نارەسمیانەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە. لیژنەكە لە نزیكەوە هەڵسەنگاندن بۆ ژێرخانی ئەو دەروازانە دەكات و راپۆرتێكی ورد ئامادە دەكات تا دیاری بكرێت كام دەروازە گونجاوە بۆ ئەوەی بە رەسمی بناسێندرێت و بكرێتە ناوەندێكی رەسمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری.
دوای تەواوبوونی سەردانە مەیدانییەكان، لیژنە هاوبەشەكە راپۆرتی كۆتایی و راسپاردەكانی خۆی ئامادە دەكات. ئەم راپۆرتە بە رەسمی بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عیراق. لەوێدا و دوای تاوتوێكردنی لایەنە تەكنیكی و ئەمنییەكان، بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو دەروازانە دەدرێت كە مەرجی پێویستیان تێدایە بۆ بوون بە دەروازەی رەسمی لە نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێدا.
شەش دەروازە لە هەرێمی كوردستان هەن كە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بە رەسمی دانیان پێدا نەنراوە و وەك دەروازەی نارەسمی پۆلێن كراون. ئەو دەروازانەش بریتین لە: كێلێ، سەیرانبەند، شوشمێ، پشتە، سەرزیر و سێماڵكا. ئەم لیژنەیە چارەنووسی ئەم خاڵە سنوورییانە یەكلادەكاتەوە و ئاراستەی كاركردنی داهاتوویان دیاری دەكات.