دوای چەندین رۆژ لە دڵەڕاوكێ و راگرتنی كاتیی دانووستانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكانی لوبنان، بەپێی نوێترین زانیارییەكان، بڕیارە لە چەند سەعات یان چەند رۆژی داهاتوو، خولێكی نوێ و چارەنووسساز لە دانوستانی تەكنیكی نێوان واشنتۆن و تاران دەستپێبكاتەوە.
بەڵام لەكوێ؟ دانوستانی ئەم جارە لە هاوینەهەواری شاخاوی و شاهانەی بورگنستۆك لە وڵاتی سویسرا كە ناسراوە بە بەهەشتی سەر زەوی بەڕێوەدەچێت.
گفتوگۆ و دانوستانی واشنتۆن و تاران بڕیاربوو رۆژی هەینی رابردوو دەستپێبكەن، بەڵام بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵاوە پەكخرا، دواجار رێككەوتنی ئاگربەستی لوبنان دەرفەتێكی نوێی بە نێوەندگیرەكان (قەتەر و پاكستان) بەخشی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە.
وەفدە تەكنیكییەكانی هەردوو وڵات لەم خولەدا كار لەسەر جێبەجێكردنی بەند و خاڵەكانی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە دەكەن كە پێشتر لەنێوان ئێران و ئەمریكا ئیمزا كراوە، بە ئامانجی كۆتایهێنان بە گرژییە ئەتۆمی و ناوچەییەكان.
وەك باسمانكرد ئەم خولەی دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاران لە هاوینەهەواری بورگنستۆك بەڕێوەدەچن، ئەو شوێنە بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەكەی و دابڕانی لە جەنجاڵی، كراوەتە قەڵایەكی ئەمنی بۆ ئەوەی دیپلۆماتكاران لە كەشێكی تەواو ئارامدا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.