گومرگی هەرێم: بڕیارە نوێیەكانی بەغداد دەروازەكانمان ناگرێتەوە

کوردستان 10:49 AM - 2026/06/21

سەرەڕای هەوڵەكان بۆ یەكخستنی سیستمی دارایی، بڕیارە نوێیەكانی بەغداد بۆ دەروازە سنوورییەكان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و كێشەی بازگە گومرگییەكانی نێوانیشیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

سەرچاوەیەك لە دەستەی گومرگی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە، ئەو بڕیارە نوێیانەی حكومەتی عیراق بۆ رێكخستنەوەی دەروازە سنوورییەكان دەری كردوون، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە ، هیچ گۆڕانكارییەك لە بەرپرسیارێتیی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا ناكرێت و ئیدارەدانەكەیان وەك پێشتر بەردەوام دەبێت.سەبارەت بەو بازگە گومرگییانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری  عیراقدا هەن، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەركی ئەو بازگانە تەنیا كاتێك كۆتایی دێت كە هەردوولا لەسەر سیستمی ئەلیكترۆنیی ئەسیكۆدا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی، تا ئەو كاتەشی ئەو سیستمە جێگیر دەبێت، بازگەكان بۆ وەرگرتنی جیاوازیی نرخ و باج وەك خۆیان دەمێننەوە.

عەلائەدین قەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق، وردەكاریی ڕێككەوتنێكی نوێی ئاشكرا كردووە. بەپێی قسەی قەیسی، ڕێككەوتنی یەكخستنی پێناسی گومرگی بەو شێوەیەیە كە هەر كاڵایەك لە هەرێمی كوردستان گومرگ بكرێت، كاتێك دەگاتە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، تەواوكاریی گومرگیلێ دەسەنرێت، ئەمەش بەو مانایەیە كە ئەو جیاوازییەی لە نێوان گومرگی هەرێم و بەغدادا هەیە، لە بازرگانەكە وەردەگیرێتەوە.

لێپرسراوێكی باڵالە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوە كردووە دوو خاڵی سەرەكی ڕێگرن لەبەردەم یەكخستنی تەواوەتیی دەروازەكان. خاڵی یەكەم بریتییە لە جیاوازیی یاسا بەركارەكانی هەرێم لەگەڵ یاساكانی عیراق، خاڵی دووەمیش پەیوەندیی بە ناكۆكییەكانەوە هەیە لەسەر چۆنیەتیی دابەشكردنی داهات لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. بەهۆی ئەم كێشانەوە، دەروازە گومرگییەكانی نێوان هەردوو لایەن لەم قۆناغەدا لانابرێن.





بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو