ئێوارەی دوێنێ بەسەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كۆبووەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریداوە بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافی خەڵكی كوردستان و پێداگری لەسەر راستكردنەوەی رێرەوی حوكمداری لە كوردستان نەكات.
كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەركردایەتی سەرۆك بافڵ لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی لێكەوتەو دەرهاویشتەكانی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران كراو ئامانجی یەكێتی روونكرایەوە كە بەشێك نییە لەو جەنگە و خوازیاریشە خاك و خەڵك و نیشتمان پارێزراوبێت، ئێستاش دڵخۆش دەبێت بە رێككەوتنیان بۆ ئەوەی كوردستان و عیراق و ناوچەكە پارێزراوبێت.
لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كاروان گەزنەیی، رایگەیاند، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەدواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، لەكاتێكدا یەكێتی هەرگیز شەڕی لەسەر پلە و پۆست نەكردووە، بەڵكو مكوڕ بووە لەسەر ئەوەی بنەماكانی سازان و شەراكەتی راستەقینە لەكابینەی دەیەمدا بچەسپێنێت، هەروەها تەئكیدی كردەوە، یەكێتی دەیەوێت كابینەی نوێ كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت و جیاوازی لەنێوان ناوچەكاندا نەكات و بەیەك چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بكات
ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێنەكانی هەڵبژاردن لەبیرناكات و تەئكید لەپێكهێنانی حكومەتێكی 50 بە 50 دەكاتەوە.
لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، كاروان گەزنەیی رایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن دوو بەڵێنی بنەڕەتیی داوە، ئەویش دروستكردنەوەی باڵانسی هێز و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لەكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش نەك تەنها بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكانی عیراق و هەرێم و هاووڵاتیانیش بەرهەمدار دەبێت.
كاروان گەزنەیی وتی، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە یەكێتی سازش لەسەر خواستەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات، ئەوەشی لەپێناو خزمەتكردنی راستەقینەیە بەهاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، وتیشی، تەوەرێكی تری كوۆبوونەوەكە بریتی بوو لەوەی یەكێتیی نیشتتمانی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستدەكات بە جموجۆڵ و كۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان لەهەرێم.
ئاشكراشیكرد، لەسەرەتای مانگی داهاتوو رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا دەكرێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش لێكەوتەی خێر و باشی بۆ كۆمەڵانی خەڵك دەبێت.