ئەوروپا لەم هەفتەیەدا خۆی بۆ شەپۆلێكی گەرمای نوێ ئامادە دەكات، ئەمەش وایكردووە زۆرێك لە وڵاتان رێكاری خۆپارێزی بگرنەبەر،لەوانە داخستنی خوێندنگاكان لە فەرەنسا و هەڵوەشاندنەوەی خزمەتگوزارییەكانی شەمەندۆفەر لە بەلجیكا.
ئەمە دووەم شەپۆلی گەرمایە كە لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا روو لە ئەوروپا بكات، لە كاتێكدا زاناكان هاوڕان لەسەر ئەوەی گۆڕانی كەشوهەوا كە لە ئەنجامی چالاكییەكانی مرۆڤەوە دروست دەبێت، دیاردە توندەكانی كەشوهەوا بەتایبەت شەپۆلی گەرما توندتر دەكات.
خزمەتگوزاری كەشناسی لە فەرەنسا، زۆرترین حاڵەتی ئاگاداركردنەوەی سووری لە 49 شوێندا راگەیاند، واتە نزیكەی نیوەی وڵات، بە گشتی زیاتر لە 90%ی دانیشتوانی فەرەنسا تووشی ئەم شەپۆلە گەرمایە دەبن. رێوشوێنی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر كرێكاران، بەتایبەتی لە كەرتی بیناسازی و هەروەها لە دامەزراوە پەروەردەییەكان گیراوەتەبەر.
لە ئیسپانیاش، دەزگای كەشناسی باسی لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرما بۆ ئەم كاتەی ساڵ كردووە، لە پورتوگال پێشبینی دەكرێت رۆژی سێشەممە گەرمترین رۆژ بێت، بەپێی دەزگای كەشناسی پورتوگال كە سێ ناوچەی ناوخۆیی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشی پرتەقاڵییەوە، كە دووەم بەرزترین ئاستی هۆشدارییە.
هەروەها پێشبینی دەكرێت ئەم هەفتەیە گەرمترین هەفتە بێت لە بەلجیكا و تێكڕای پلەكانی گەرما لە 27 پلەی سیلیزی زیاتر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتی نیشتمانی هێڵی ئاسنی بەلجیكا ژمارەیەك گەشتی شەمەندۆفەری هەڵوەشاندەوە لەوكاتانەی كە بەرزترین پلەی گەرمابەخۆیەوە دەبینێت.
بەپێی پێشبینییەكان ،لە هۆڵەنداش پلەكانی گەرما تا كۆتایی ئەم هەفتەیە دەگاتە 37 پلەی سیلیزی،فەرمانگەی كەشناسی بەریتانیاش پێشبینی كردووە تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێكی گەرمای توند بەشێك لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری ئینگلتەرا و وێڵز بگرێتەوە.