دوای هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئۆكرانیا بۆ سەر مۆسكۆی پایتەختی روسیا و دەوروبەری، دەسەڵاتدارانی روسیا چوار فڕۆكەخانەیان بۆ ماوەیەكی كاتی داخست.
لێپرسراوانی روسیا رایانگەیاندووە، هیچ زیانێكی گەورە لەناو پایتەختدا تۆمارنەكراوەو سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسیا 59 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئۆكرانیای لەناوبردووە.
ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی پێشتریش فڕۆكەكانی ئۆكرانیا نیمچە دورگەی كریمەیان كردە ئامانج، كە چوار كەس كوژران و 28 كەسیش برینداربوون، هەروەها بەهۆی ئەو هێرشانەوە فرۆشتنی سووتەمەنی لە ژمارەیەك وێستگە راگیران.
لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، هێزەكانی ئۆكرانیا زنجیرەیەك هێرشی دوور مەودایان ئەنجامداوە، ژێرخانی لۆجستیكی سەربازی روسیا و دامەزراوە نەوتییەكان و بەرگرییە ئاسمانییەكانیان كردۆتە ئامانج.
زێلێنسكی ئاشكرایكرد، هێرشەكان ناوچەكانی هەردوو دیوی پردی كریمەیان كردۆتە ئامانج، لەوانە دامەزراوە دەریاییەكان كە بۆ گواستنەوەی نەوت بەكاردەهێنرێن، هەروەها كۆگایەكی نەوت لە كێرچ.
سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشەكان سەركەوتووانە بەر دامەزراوە لۆجستییە سەربازییەكان كەوتوون، لەگەڵ چوار وێستگەی راداری سەر بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسیا، تادێت هێرشەكانی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ پەرەدەسەنن و ژێرخانی سەربازی و دامەزراوەی وزە لە هەردوو لایەنی ململانێكان دەكرێنە ئامانج.