لە وڵاتی نەرویج فیلمی دادە پێشکەش کراو چەندین تێکۆشەری کوردیش خەڵاتکران

کوردستان 10:20 AM - 2026/06/22

 لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نەرویج، بە ئامادەبوونی  (سالار مەحمود) ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی (ی.ن.ک) و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و نوێنەرانی حزب و لایەنە نەرویجی و کوردستانییەکان و رەوەندی کوردستانی لە نەرویج، فیلمی دۆکیۆمێنتاری “دادە” (داستانی پەنهانی ژنێکی خەباتگێڕ) نمایشکرا.

لەمەراسیمەکەدا،  (سالار مەحمود) وتەیەکی پێشکەشکردو ئاماژەی بە رۆڵ و خەباتی خاتوو (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) لە کاروانی خەباتی سیاسی، پێشمەرگایەتی، میدیایی، مرۆیی و کلتوری کرد.
هەروەها سوپاسی جۆش و خرۆشی کوردانی نەرویج کرد بۆ ئامادەبوونیان و، ئاماژەی بەوەدا خەباتی (هێرۆخان ) بۆ هەموو کوردستانیان بووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆیە هەموو دەنگ و رەنگەکان بە جۆش و خرۆشەوە ئامادەن بۆ پێشوازی لەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەو، ئەو مێژووە درەوشاوەی ژنە پێشەنگ و سەرکردەی کوردستان.

پێش نمایشکردنی فیلمەکە، خەڵاتی رێزلێنان بەسەر چەندین ژنی تێکۆشەری دێرین و کەسوکاری شەهیدان دابەشکرا.

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە سوپاسی کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەرانی دێرینی یەکێتی کردو وتی: رۆڵ و کاریگەری ئێوەو رەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا بەرز دەنرخێنین بەتایبەتی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی باڵاوە بە خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی، یەک دەنگن و پشتگیرو پاڵپشتی خەبات و تێکۆشانی باشور، رۆژئاوا، باکورو رۆژهەڵاتی کوردستانن.

هەروەها وتی: کوردانی دیاسپۆرا هێزێکی گەورەو کاریگەرن و دەتوانن رای گشتی جیهانی دروست بکەن و بگۆڕن لە پرس و پێشهاتەکاندا، بۆیە بەچاوی هیوای زۆرەوە لەم کۆمەڵگا گرنگە دەڕوانین و کارو خەباتی پێکەوەیی برەو پێ دەدەین.

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە دەستخۆشی لە هەڤاڵ هەندرێن باوەنوری و هەموو هەڤاڵانی نەرویج کرد بۆ ئامادەکاریەکانیان و، سوپاسی گۆران ئازاد و ئاسۆ قادری کرد بۆ دەرهێنان و ئامادەکردنی فیلمە دیکۆمێنتاریەکە.

شایانی ئاماژەپێدانە وا بڕیارە لە پایتەختەکانی ئەوروپا و دەرەوەی وڵات فیلمەکە نمایش بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو