نرخی زێڕ لە یەكەم رۆژی مامەڵەكانی ئەم هەفتەیە، بەرزبووەوە و قەرەبووی هەندێ لەو دابەزینەی كردەوە كە لە كۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا كردبووی.
سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت دابەزیوە و پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستكردووە، بەڵام پێشبینییەكان بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی سوودی بانكی دوای ئاماژە توندەكانی بانكی فیدراڵیی ئەمریكا، كاریگەرییان لەسەر داهاتووی نرخی زێڕ دروستكردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی زێڕ نزیكەی 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی چوار هەزار و 200 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك. هاوتەریب لەگەل بازارە جیهانییەكان لە بازارەكانی هەرێمكی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبونەوەی تۆمار كردو یەك مسقاڵ زێڕ عەیارە 21 بە نزیكەی 930 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت .
ئێدوارد مێر شرۆڤەكاری بازاڕە داراییەكان سەر بە كۆمپانیای مارێكس رایگەیاندووە، بارودۆخی ئێستای سویسرا تەواو جیاوازە لە چەند سەعاتێك لەمەوبەر كاتێك واشنتۆن و تاران لە كێشە و ناكۆكیدا بوون و ئێستا وادیارە پێشكەوتن بەدەست هاتووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ ماوەیەكی تریش مامەڵەكانیان لەسەر بنەمای ئاراستە جیۆپۆلیتیكییەكان دەبێت، بەڵام بارودۆخەكە ناجێگیرە، بۆیە رەنگە باشتر بێت ئێستا تەنیا لە دوورەوە چاودێری رووداوەكان بكەن و خۆیان لە مامەڵەی گەورە بپارێزن.