عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رۆژی هەینی، ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی خولێكی نوێی دانوستانەكان لە سویسرا دەستپێدەكەن، ئەمەش دوای جێبەجێكردنی رەسمی رێككەوتنە كاتییەكە دێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لەوەی كە هەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بە پێشێلكردنی رێككەوتنە كاتییەكە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەژمار دەكرێت ، راشیگەیاند لە روانگەی وڵاتەكەیەوە، دوو لایەنی ئەم لێكتێگەیشتنە بریتین لە ئەمریكا و ئیسرائیل لە لایەك، و ئێران و حزبوڵا لە لایەكی ترەوە ، وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند كە كۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ لە هەموو بەرەكانی جەنگدا، بە لوبنانیشەوە، (گرنگترین پرسە) لە رێككەوتنەكەدا لەگەڵ واشنتۆن.
ئەم وتانەی عەباس عراقچی لە كاتی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بۆ دیپلۆماتكارە بیانییەكان بوون، بەڵام تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران لێدوانەكانی پەخش نەكرد و تەنها بە دەقێكی نووسراو لەسەر شاشەكە نیشانی دا ، تائێستا روون نییە كە رێككەوتنە كاتییەكە چی لەخۆدەگرێت، بەتایبەت سەبارەت بە لوبنان، چونكە هێشتا بە تەواوی دەقەكەی بڵاونەكراوەتەوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی لە زاری عراقچی ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەو سەختیانەی كە لە گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوانیاندا ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لە كۆتاییدا بڕیاریاندا دانوستانەكان بۆ دوو قۆناغ دابەش بكەن. روونیشكردەوە، لە قۆناغی یەكەمدا، دانوستان لەبارەی كۆتاییهێنانی شەڕ، گەرووی هورمز، گەمارۆی دەریایی، پرسەكانی ئازادكردنی پارە سڕكراوەكانی ئێران، بنیاتنانەوە، و پرسە پەیوەندیدارەكانی تر دەكەن و دەگەنە لێكتێگەیشتن ، عراقچی وتیشی دوای ئەوە دانوستانەكان بۆ 60 رۆژ بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێككەوتنێكی كۆتایی.