بەغداد – لە هەنگاوێکدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە نیشتمانییەکان و فراوانکردنی چالاکییە کەلتووری و فکرییەکانی، دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بە رەسمی نووسینگەیەکی نوێی لە پایتەختی عیراق، بەغداد، کردەوە.
رۆژی دووشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەسەرپەرشتی باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و بە ئامادەبوونی بەڕێز یەحیا غازی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، حزبی، ئەندامانی پەرلەمانی عیراق، نووسەر و ڕۆشنبیران و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان دامەزراوەکە نووسینگەی خۆی کردەوە.
ئامانج لە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە بریتییە لە بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عیراق و پشتگیری لە چالاکییە کەلتووری، فکری و توێژینەوەییەکانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە هەموو شارەکانی عیراق.
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی جەختی کردەوە کردنەوەی ئەم نووسینگەیە لە بەغداد هەنگاوێکی گرنگە بۆ نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکان و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئاشتی، هاوپێکەوەژیان و گفتوگۆی نیشتمانی کە سەرۆک مام جەلال خەباتی بۆ دەکرد.