عەلی زەیدی و تۆم باراك كۆبوونەوە

عیراق 10:12 AM - 2026/06/16

عیراق و و ئەمریكا لەسەر ئاراستەیەكی نوێی پەیوەندییەكانیان رێككەوتن، چەك داماڵینی گرووپەكان، بانگهێشتی سەرۆك وەزیران بۆ كۆشكی سپی تاوەكو هێنانەناوەوەی كۆمپانیا گەورەكانی نەوت، ئەو بابەت و پرسانەن كە لە كۆبوونەوەی عەلی زەیدی و تۆم باراك تاوتوێ كران و ئێستا بۆتان باسدەكەم.

عەلی فالح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و تۆم باراك نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عیراق و سوریا، كۆبوونەوە. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەردوولا تەئكیدیان لە دامەزراندنی هاوبەشییەكی ئەمریكی-عیراقی بەهێز لە قازانجی هەردوولا كردەوە.

لە دیدارەداكەدا، تۆم باراك ئارەزووی دۆناڵد ترەمپی گەیاند بۆ پێشوازیكردن لە عەلی زەیدی لە كۆشكی سپی لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی ئەمساڵدا، بە مەبەستی تاوتوێكردنی داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

عەلی زەیدی و تۆم باراك تاوتوێی دیدگای هاوبەش و خوازراوی حكومەتی عیراقیان كرد بۆ ئایندەیەكی گەش و دوور لە تیرۆر و جێبەجێكردنی پلانەكانی وڵاتەكە بۆ داماڵینی چەك و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گروپ و پێكهاتە چەكدارانەی كە لە دەرەوەی دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی دەوڵەت كاردەكەن.

ئەمەش بۆ ئەوەی دوورخستنەوەی عیراق لە ململانێكان دەستبەر بكات و هیچ لایەنێك خاكەكەی بەكارنەهێنێت بۆ هەڕەشەكردن لە ئاشتی ناوچەیی، هاوكات عەلی زەیدی و تۆم باراك تەئكیدیان لەسەر پێویستی بەپەلە بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئەو هەوڵانە كردەوە.

لە كەرتی وەبەرهێناندا، ستایشی بڕیاری عیراق كرا بۆ پێدانی مۆڵەتی كاركردن بە كۆمپانیای "ستار لینك" بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت. هاوكات دانوستان لەگەڵ كۆمپانیای "شیڤرۆن" بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكانی "رۆژئاوای قوڕنە-2" و "ناسریە" دەستیپێكردووە.

هاوكات رێگە دراوە بە كۆمپانیا ئەمریكییەكانی وەك ((ئێچ كەی ئێن، وێسترن زاگرۆس و هەنت) بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانیان لەگەڵ دابینكردنی گەرەنتی ئەمنی، لەگەڵ جێبەجێكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ (تی ئای كەپیتەڵ) بۆ نوێكردنەوەی هێڵی بۆری كەركوك-بانیاس.

بۆ پاڵپشتیكردنی پێداویستییەكانی عیراق لە كەرتی كارەبادا، سەرۆك وەزیرانی عیراق و نێردەی سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدیان لە فراوانكردنی هاوكارییەكان كردەوە. یەكێك لە پڕۆژە سەرەكییەكان بریتییە لە كاركردنی كۆمپانیای (ئێكسێلەرەیت ئێنێرجی) بۆ پەرەپێدانی وێستگەیەكی سەرئاوكەوتووی هاوردەكردنی غازی سروشتی شل لە ناوچەی "خۆر ئەلزوبەیر"، كە ئەمە دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا عەلی زەیدی و تۆم باراك تەئكیدیان لە گرنگی پاڵپشتی كردن لە عیراقێكی فیدڕاڵ و دیموكراسی بەهێز و یەكگرتوو و خاوەن سەروەریی، لەسەر بنەمای دامەزراوە دەستوورییە چەسپاوەكان و دەستەبەركردنی یەكسانی تەواو بۆ هەموو هاووڵاتیان كردەوە، بەشێوەیەك كە یەكڕیزی عیراق و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەهێزتر بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو