مانگێك بەسەر حكومەتەكەی زەیدا تێپەڕدەبێت

عیراق 03:17 PM - 2026/06/14

سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر متمانەدان بە حكومەتەكەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لە 14ی مانگی رابردوودا، سەرەرایی بەڵێنەكانی تەواوكردنی كابینەی حكومەت  بەڵام بەهۆی ناكۆكی سیاسییەوە هێشتا نۆ  وەزارەت ماون كاندیدەكانیان یەكلای بكرێتەوە .

 چاودێرانی عیراقی، ئەدای حكومەت لە مانگی یەكەمیدا بە وریایی و كەمی لە بڕیاری گەورە یان كاریگەر وەسف دەكەن. جگە لەوەش، زەیدی، لە ماوەی هەفتەكانی سەرەتای سەرۆكایەتیدا كەمتر لە میدیاكانەوە دەركەوتووە بە بەراورد بە سەرۆك وەزیرانی پێش خۆی. لە ماوەی مانگی یەكەمیدا، حكومەتی نوێی عیراق هیچ بڕیارێكی بەرچاوی خزمەتگوزاری ئاڕاستەكراو یان چاكسازیخوازانەی دەرنەكردووە، لەبری ئەوە تیشكی خستۆتە سەر پرسی سنوورداركردنی چەك بۆ دەوڵەت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەت هەوڵەكانی لە بەرەی ئابووری و دارایی چڕتر دەكاتەوە بەهۆی ئەو قەیرانەی لە ئەنجامی راگرتنی هەناردەكردنی نەوت و دابەزینی داهاتی دارایی عیراق بە ڕێژەی زیاتر لە 85% دروستبووە.

حكومەتی زەیدی لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 14ی ئایاری 2026 دا ،دەنگی متمانەی وەرگرت، بەڵام بە ناتەواوی پەسەندكرا، بەو پێیەی لە كۆی 23 وەزارەت  ، نۆ وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە . لە دیارترین وەزارەتەكان كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە بریتین لە بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، كۆچ، و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان، كە هەریەكەیان ئەو وەزارەتانە بە پشكی خۆیان دەزانن بەپێی ئەو سیستمە پشكانەی كە لە عیراقدا هەیە.

سەرەڕای لێدوانەكانی پێشووی لێپرسراوانی  عیراق و سەرۆكی حزب و لایەنەكان سەبارەت بە تەواوكردنی دەنگدان لەسەر مانەوەی ئەندامەكانی حكومەت لە دوای پشووی جەژنی قوربان ، ئێستا پەرلەمان بەرەو ئەنجامدانی هیچ دانیشتنێك ناڕوات، بەپێی سەرچاوە سیاسییە عیراقییەكان ، ناكۆكییەكان هێشتا بەرچاون سەبارەت بە وەزارەتەكانی ناوخۆ، بەرگری، خوێندنی باڵا و كۆچبەران، لەگەڵ دەستپێكردنی هێزە سیاسییەكان بۆ بەستنەوەی مافی وەزارەتەكان بە پۆستی بریكاری وەزیر و سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان، وەك هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و ئۆرگانەكانی تری مەدەنی.سەرچاوەكان هەنگاوێكیان ئاشكرا كرد بۆ گۆڕینی ناوی بەشێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستە وزارییە بەتاڵەكان، دیارترینیان قاسم عەتا كاندیدی وەزارەتی ناوخۆیە كە نووری مالیكی پشتیوانی دەكات. 

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوانە،زەیدی رووبەڕووی ئاستەنگەكانی پەیوەست بە فشارەكانی ئەمریكا دەبێتەوە كە ئامانج لێی رێگریكردنە لە گرووپە چەكدارەكان لە هەڵگرتنی هیچ پۆستێكی جێبەجێكردن یان سەركردایەتی لە حكومەتدا. هەروەها بڕیارە  تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە عیراق بەمنزیكانە سەردانی بەغداد بكات و لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە هەستیارەكان، بە پلەی یەكەم قۆرخكاری دەوڵەت لەسەر بەكارهێنانی هێز و رێگریكردن لە بەشداریكردنی گرووپە چەكدارەكان لە حكومەتدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو