یەکێتی بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندا دەکات

کوردستان 10:03 PM - 2026/06/13

شاندێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە پێکهاتبوون لەهەڤاڵان بەختیار بەکر و شاخەوان ساڵح میرزا، بەنوێنەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردسان، لەسەر بانگهێشتی تایبەتی پارتی کاری هۆڵەندی، لەشاری دەنبۆش لەبەرواری 13/6/2026 بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندایان کرد و وێڕای گەیاندنی بروسکەی پیرۆزبایی و پەیامی یەکێتی، لە پەراوێزی كۆنگرەكە چەندین کۆبوونەوە و دیدارییان لەگەڵ هاوتا هۆڵەندییەکانیاندا سازدا.

لە پەیوەندییەکی تایبەتدا، بەختیار بەکر ڕایگەیاند؛ ئەم کۆنگرەیە جیاوازتر لە کۆنگرە و کۆڕبەندەکانی تردا،  دەچێتە مێژوو، لەبەر ئەوەی کۆنگرەی یەکگرتنی دوو پارتی سەرەکی و ڕەسەنی خاوەن پێگەی سیاسی و جەماوەرین و مێژووی دوور و درێژی حکومڕانی و ئۆپۆزسیۆنیان هەیە کە بریتین لە (پارتی کار - سۆسیال دیموکراتی هۆڵەندا) و (پارتی چەپی سەوز).  ئەم دوو پارتە لە دوای یەکخستنی فڕاکسیۆنەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا و بەشداری کردنی هاوبەش بە یەک لیست لە دواین هەڵبژاردنەکاندا، بڕیاریاندا لێرە بەدواوە بەمەبەستی کاریگەری زیاتر و فروانکردنی پێگەکانیان، یەکبگرن و لەژێر یەک ناو و چەتری سیاسی و ئۆرگانیدا درێژە بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆیان بدەن. هەربۆیە ئەمڕۆ لەم کۆنگرەیە پارتێکی نوێیان  ڕاگەیاند بەناوی پڕۆگراسیف نێدەرلاند - (پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندا). شایەنی باسە، لە ڕاپرسییە باوەڕپێکراو و وردبینەکانی هۆڵەندا، ئەم پارتە نوێیە لە پێشەوەی هەموو پارتەکاندایە. ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دەتوانن زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.

لە درێژەی قسەکانیدا (بەختیار بەکر) ئاماژەی بەداهاتووی کاری پێکەوەیی یەکێتی و پارتە نوێیەکە کرد و وتی؛ یەکێتی بەو پێیەی دەستە خوشکی پارتی کار بووە و پارتە نوێیەکەش جێگرەوەی پارتی کار دەبێت، بڕیاریانداوە لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا کە یەکێتیش تیایاندا ئەندامە، درێژە بە خەبات بدەن و وەکو پارتێکی سۆسیال دیموکراتی پێشکەوتووخواز دەمێنەوە و بگرە هەگبەی سیاسییان فراوانتر دەبێت لەڕێگەی کادیر و جەماوەری پارتی چەپی سەوزدا. ئەگەر جاران یەک پارتی سیاسی و یەک تۆڕی پەیوەندییان هەبووایە، ئێستا بوون بە دوو و هاوكات بەهەمان ئاڕاستە و لەژێر یەک ئەجێندا و سەرکردایەتیدا بەردەوام دەبن. 
یەکێتی نیشتیمان کوردستان پیرۆزبایی ڕاگەیاندنی پڕۆگراسیف نێدەرلاند - (پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندا) دەکات و بەدڵنیاییەوە لەداهاتووێکی نزیکدا کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ یەکتر ئەنجامدەدەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو