سەرۆك كۆماری سوریا دەڵێت، دیمەشق هیچ نیازێكی نییە هێز بنێرێتە ناو خاكی لوبنان و ئەوەی لەو بارەیەوە دەوترێت تەنها دەنگۆیە.
بەپێی زانیاری میدیاكان، لە میانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی كەسایەتییە دیارەكان و پیاوماقوڵانی پارێزگای ریفی دیمەشق لە كۆشكی شەعب، ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری كاتیی سوریا، رایگەیاندووە، ئەوەی لەبارەی رۆیشتنی هێزی سوریا بۆ نێو لوبنان بڵاودەكرێتەوە، تەنها دەنگۆیە.
وتیشی، كە كارە لە پێشینەكانی وڵاتەكەی پرسی دیاریكردنی سنوورەكان لەگەڵ لوبنان ناگرێتەوە، بەراورد بە دۆسیە زۆر گرنگ و بە پەلەكانی تر كە دیارترینیان كێشەی ئاوارە سوورییەكانە.
ئەحمەد شەرع لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بە بوونی نزیكەی 1 ملیۆن 500 هەزار ئاوارەی سووری لە لوبنان كرد و رایگەیاند، كە ئێستا كار لەسەر داڕشتنی میكانیزمێك دەكرێت بۆ مسۆگەركردنی گەڕانەوەی ئارام و رێكخراوەیی ئەوان بۆ وڵاتەكەیان، ئەوەش هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوە و باشتركردنی كەرتی خزمەتگوزاری لە ناوخۆی سوریادا.
ئەو قسانەی ئەحمەد شەرع لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا پێشتر رایگەیاندبوو كە پێدەچێت سوریا رۆڵێكی هەبێت لە ئاسانكارییكردن بۆ ئەنجامدانی هێرشی "وردتر" دژی حزبوڵا لە لوبنان، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەگەری هەبوونی هاوكاریی ئەمنی لەگەڵ سەركردایەتییە نوێیەكەی سوریادا.
هەروەها پێشتریش سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی بە فرانس پرێسی راگەیاندبوو، لەدوای دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە، ئەمریكا فشار دەخاتە سەر سوریا بۆ ئەوەی دژی حزبوڵا دەستوەردان لە لوبنان بكات.