لەڕووداوێكی بێ وێنەدا لە مێژووی كۆشكی سپیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ میوانداری پاڵەوانێتی هونەرە جەنگییە تێكەڵەكان دەكات ، كە هاوكاتە لەگەڵ ئاهەنگی 80 ساڵەی لەدایكبوونیدا.
ئەو چیمەنەی پێشتر شاهیدی هەڵدانی كۆپتەرەكانی سەرۆكایەتی و پێشوازیكردن لەوەفدە نێودەوڵەتییەكان بوو، گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێك كە سەكۆیەكی8 سایدی لە ناوەڕاستیدا هەیە، بە هەزاران كورسی دەورە دراوە، لە كاتێكدا شوێنەكە بە پەرژینێكی بەرزی پۆڵاین دەورە دراوە كە بەرزییەكەی نزیكەی 28 مەتر دەبێت و كێشی نزیكەی 600 تەنە.
لە پێشبڕكێكەدا ٧ شەڕی سەرەكی بەڕێوەدەچێت، دیارترینیان یاریی یەكخستنی نازناوی كێشی سووكە لە نێوان ئیلیا تۆپۆریای ئیسپانی و جەستن گایپی ئەمریكی، ئەمە جگە لەوەی شەڕێك بۆ نازناوی كاتی كێشی قورس.
ئیدارەی ئەمریكا پێشبینی دەكات نزیكەی چوار هەزارو 300 كەس بەشداری بكەن، لەنێویاندا زیاتر لە هەزار كەسی سەربازی چالاك، كەبەپێی راپۆرتە ئەمریكییەكان، ئەو كارمەندە سەربازییانەی كە ئارەزووی بەشداریكردنیان هەبووە، كەوتوونەتە ژێر مەرجی تایبەتی لەشجوانی و تەندروستی، هەروەها ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس و خێرخوازان و كەسایەتییە دیارەكانی پەیوەست بە جیهانی وەرزش و سیاسەتیش ئامادە دەبن.
ئەمەش یەكەم رووداوی لەم جۆرەیە لە مێژووی كۆشكی سپیدا، بەو پێیەی پێشتر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەگۆڕەپانەكەیدا میوانداری بۆنەیەكی وەرزشی بەم قەبارەیە نەكردووە، بیرۆكەكە لە خودی ترەمپەوە هاتووە، وەك پیشاندنی پەیوەندییە نزیكەكەی سەرۆكی ئەمریكا و پاڵەوانێتییە بەناوبانگەكان و بەرفراوان بوونیان، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا.
بەڵام ئەم بۆنەیە ڕەخنەی نەیارانی ترەمپی لێكەوتەوە، پێیان وایە میوانداریكردنی وەرزشێكی لەو شێوەیە كە بە وەرزشێكی توندوتیژ ناویان بردووە لەناو كۆشكی سپیدا، لادانە لە نەریتە ئاساییەكانی سەرۆكایەتی.
هاوتەریب لەگەڵ ئامادەكارییەكان، تیمەكانی كەشوهەوا لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی كەشوهەوا دەكەن، دوای ئەوەی پێشبینییەكان ئەگەری هەورەبروسكەیان دەرخست كە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕە سەرەكییەكان.
لە كاتێكدا رێكخەران چاوەڕوانی باشتربوونی بارودۆخی كەشوهەوا دەكەن، بەڵام هێشتا دڵنییان كۆشكی سپی شاهیدی شەوێكی بێ وێنە دەبێت، كە سیاسەت و وەرزش و تەماشاكردن تێكەڵ دەكات لە بۆنەیەكدا كە ترەمپ ویستویەتی جیاواز بێت لە هەر رۆژێكی لەدایكبوونی سەرۆكایەتی كە ئەمریكا تا ئێستا ناسیبێتی. .