وەزارەتی دارایی هەرێم روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

کوردستان 12:16 PM - 2026/06/04

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست‌و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێمی كوردستان بەڕێژەی لە سەدا 70 داهاتی  كەمكردووەتەوە .دەشڵێت، هەرگیز داهاتی مانگانەمان  نەگەیشتۆتە 400 ملیار دینار .
وەزارەتی دارایی‌و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا  ئاماژە بەوەدەكات، وەزارەتی دارایی هەرگیز پێشتر راینەگەیاندووە داهاتی مانگانەیان 400 ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەكی نییە و هیچ كات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەكردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەكی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەكات. وەزارەتەكە لە روونكردنەوەكەدا كە هاوپێچی  چەند وێنەیەكی تێدایەو داهاتی ناوخۆی لە ساڵی 2019 تائێستا بڵاوكردووەتەوە باسلەوەدەكات، ئەم داهاتانە  مانگانە لە راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار كراوە‌و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە وردبینی بۆ كراوە و وەزارەتی دارایی عیراقیش هیچ ڕەخنەیەكی لێی نەبووە، هەروەها داهاتی خاڵەسنوورییەكانیش هاوشێوەی داهاتەكانی تر بەردەوام لە گۆڕاندایە.
وەزارەتی دارایی ئەوەش ئاشكرا دەكات، بەپێی داتا و زانیارییەكانی وەزارەت و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە،  دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم لە هەموو بوارەكانی باج و گومرگ و بیمە كە فشارێكی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێم داناوە. سەرباری شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران كە كاریگەرییەكانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و كاریگەری راستەوخۆشی لەسەر عیراق كردووە، دەركەوتووە بەنزیكەیی 70% داهات كەمبووەتەوە. وەزارەتی دارایی باس لەوەشدەكات، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی تر بەشێك لە داهاتی هاتووچۆ  بۆ خۆیان دەبێت (بۆ پێداویستیەكانیان بەپێی تایبەتمەندییان)، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی كۆتایی، هەروەها بەشێك لە  داهاتی كارەباش راستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەكارهێنانی تێچووی چاككردنەوەی وێستگەكان و محاویلە و تۆڕەكانی گەیاندنی كارەبا، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیەش دەبێتە داهاتی كۆتایی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو