لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەركردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت ، یەكێتی كە مێژوویەكی درێژی خەباتی لەپێناو مافەكانی گەلی كوردستاندا هەیە و لەم ڕێگەیەدا بە هەزاران شەهیدی داوە، هەمیشە خاوەن پێگەیەكی گرنگ و كاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان :
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاو و ڕێز..
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و سەركردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. لەم یادەدا پێگەی مێژوویی و خەبات و تێكۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال بەرز دەنرخێنین و به ڕێزەوە یادی دەكەینەوە.
یەكێتی كە مێژوویەكی درێژی خەباتی لەپێناو مافەكانی گەلی كوردستاندا هەیە و لەم ڕێگەیەدا بە هەزاران شەهیدی داوە، هەمیشە خاوەن پێگەیەكی گرنگ و كاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا. لەم یادەدا دووپاتی دەكەینەوە كە زیاتر لە هەموو كاتێك بەرپرسیاریەتیی هاوبەش، تەبایی و كاری پێكەوەیی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكاندا پێویستە، تا پێكەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و مافەكانی گەلی كوردستان بكەین.
هیواخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێكی نوێ بۆ بەهێزكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی و باڵادەستكردنی زمانی گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان، سەقامگیری، گەشەپێدان و داهاتوویەكی باشتر و شایستە بۆ گەلی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان