قوباد تاڵەبانی لە یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدانی یەکێتی دەکەینەوە

کوردستان 09:12 AM - 2026/06/01

ساڵی ١٩٧٥ دوای ئەو تاڵاوی شکست و تەمی بێ هیواییەی باڵی سەر کوردستاندا کێشابوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندە پێویست بوو بۆ گەڕاندنەوەی ورە و هیوا و بۆ رێکخستنەوەی خەڵک و جۆشدانەوەی خەباتی مافخوازانە و رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان، ئێستاش دوای ٥١ ساڵ، بە هەمان ئەندازە یەکێتی پێویستە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

بۆ؟
چوونکە یەکێتی لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەو هێزەیە هەمووان بە رێزەوە حیساب بۆ هەڵوێست و سیاسەتەکانی دەکەن. هاوپەیمانی بەهێزی هەیە و بە سیاسەتی ژیرانە و حەکیمانە لە قورسترین قەیرانەکاندا و سەخت ترین ساتەوەختەکاندا دەرگا بەڕووی چارەسەردا دەکاتەوە. 

ئێستا هەمووان بوونی یەکێتی لە بەغدا وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو عێراق دەبینن.

بۆ ناوخۆی کوردستانیش ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری باوەڕی نەگۆڕی یەکێتییە. ئامانجی یەکێتی لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و  دادپەروەری و باشترکردنی خزمەتگوزاری و دۆخی ژیانی هاوڵاتییانە بەبێ هیچ جۆرە جیاوازی دانانێک. 

هەر لە سۆنگەی باوەڕمان بە دادپەروەری و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتییان سیاسەتی یەکێتی لەم قۆناغەدا گرنگیدانە بە گەشەپێدانی هاوسەنگ و بووژانەوەی ئابووریی قەزا و ناحییەکان. 

وەک پێشتر بەڵێنمان داوە و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە، خزمەتکاری خەڵکی کوردستان دەبین. بەرژەوەندی و خواستی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، بەرژەوەندی و خواست و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لە یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدانی یەکێتی دەکەینەوە و سڵاو دەنێرین بۆ سەرۆک مام جەلال و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و هەموو ئەو هەڤاڵ و ئازیزانەی بە خەبات و تێکۆشانی یەکێتییەوە ماندووبوون. 

هەروەها پیرۆزباییەکی گەرم لە هەموو هەڤاڵان و جەماوەری دڵسۆزی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی یەکێتی دەکەین. دڵنیاین یەکێتی بە پشتیوانی و بە خەمخۆری جەماوەرەکەی هەر دەمێنێت و هەر گەشە دەکات و هەر وەک هێزی جێی هیوا و متمانەی خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو