ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا تێدەپەڕێت

کوردستان 09:45 AM - 2026/06/01

51 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 1ـی حوزەیرانی 1975، لەلایەن ژمارەیەك لە سەركردە و ئەكادیمییە دیارەكانی كوردەوە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راگەیەندرا.

چیرۆكی دامەزارندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەم شێوەیەیە، لە رۆژی 22ـی ئایاری ساڵی 1975 لە گەڕەكی ئەبوروومانەی دیمەشق لە سوریا یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی هەریەك لە سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، د. فوئاد مەعسووم، د. كەمال فوئاد، عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی كرا و پرۆژەی دروستكردنی ئەو حزبە گەڵاڵە كرا. لە رۆژی 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین ئەنجامدرا و لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 1975 بە رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندرا.

دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای چەند مانگێكی كەم لە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول هات، دامەزراندنەكەی لەكاتێكدا بوو، كە ئومێدەكان بۆ خەبات لەپێناو مافەكانی گەلی كورد لاوازبوو بوو.

یەكێتی لە یەكگرتنی سێ رێكخراوی جیاواز دروستبوو، ئەوانیش كۆمەڵەی ماركسی- لینینیی كوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و هەروەها ئەو كەسانەی نە سۆسیالیست و نە كۆمەڵە بوون و پێیان دەوترا خەتی گشتی. بڕیاری دروستبوونی یەكێتی بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی حزبی بەعس بوو، یەكەم كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتیی حزبەكەش لە 31ـی تەمموزی 1977 بەڕێوەچوو، كە 12 رۆژی خایاند و تێیدا سەرۆك مام جەلال بە سكرتێری گشتیی دیاری كرا.

لە مانگی ئاداری 1978دا دووەم كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ رێكخستنی پێشمەرگە، دارایی، دانانی نەخشە و پلان، دروستكردنی هەشت هەرێمی جیاواز كرا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە شاخ چەندین كۆنفرانسی بەستووە، وەك كۆنفرانسەكانی كۆمەڵە لە ساڵانی 1981، 1982 و 1985.  دوای راپەڕین و لە 28ـی كانوونی دووەمی 1992  یەكێتی یەكەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، مام جەلال تاڵەبانی بە سكرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو