قوباد تاڵەبانی: ئامانجی سەرەكی لەدامەزراندنی دەزگای پەرەپێدانی راپەڕین، نەهێشتنی رۆتین و خێراكردنی كارەكانی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانە لەدەڤەرەكە

کوردستان 01:28 PM - 2026/05/31

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕینی كردەوەو رایگەیاند، ئەم دەزگایە كارئاسانی تەواو بۆ ئەو سەرمایەدارانە دەكات كە دەیانەوێت لەدەڤەری راپەڕین پڕۆژە ئەنجام بدەن و وادەكات بڕیارەكان لەناو ئیدارەی راپەڕین بەخێرایی بدرێن، هاوكات لەڕێگەی پشتگیریكردنی پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكان هەلی كار بۆ گەنجانی ناوچەكە دەڕەخسێنێت.

لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و لێپرسراوانی حزبی و حكومی و كەسایەتیی دەڤەرەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، دەزگای پەرەپێدانی راپەڕین كرایەوەو قوباد تاڵەبانی لەوتارێكدا رایگەیاند، ئامانجی سەرەكی لەدامەزراندنی ئەم دەزگایە، نەهێشتنی رۆتین و خێراكردنی كارەكانی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانە لەدەڤەرەكەو دەمانەوێت پەرە بەسێكتەرەكانی كشتوكاڵ، گەشتوگوزارو پیشەسازی بدەین كە تایبەتمەندی ئەم ناوچەیەن.

وتیشی، چیتر قبوڵكراو نییە هاووڵاتییەك یان سەرما‌یەدارێك بۆ مامەڵەیەكی بازرگانی یان پڕۆژەیەك، ناچار بێت رێگای سلێمانی و هەولێر بگرێتە بەرو چەندین مانگ چاوەڕێی ئیمزایەك بكات، بەڵكو دەبێت بڕیارەكان لەناوخۆی راپەڕین و لەلایەن خودی لێپرسراوانی ناوچەكەوە بە خێرایی و بەبێ دواكەوتن بدرێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەڤەری راپەڕین خاوەن خاكێكی بەپیت و سروشتێكی جوان و گەنجی لێهاتووەو ستراتیژی ئەم دەزگایە چڕكردنەوەی تواناكان دەبێت لەسەر سێ سێكتەری بنەڕەتی كشتوكاڵ، گەشتوگوزارو پیشەسازی و ئێمە دەمانەوێت ژێرخانی ئابووری ئەم دەڤەرە ببووژێنینەوە تا نەبێتە ناوچەیەكی پشتگوێخراو.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، كۆتاییهێنان بە بێكاری گەنجان تەنها بە دامەزراندنی كەرتی گشتی ناكرێت، ئەم دەزگایە دەبێتە پردی پەیوەندی و پشتیوانی یەكەمی كەرتی تایبەت و پڕۆژە بچووك و مامناوەندەكان، بۆ ئەوەی گەنجانی ئەم دەڤەرە خۆیان ببنە خاوەن كار و ئابووری ناوچەكەیان بەهێز بكەن.

لەكۆتاییدا جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم وتی، دەڤەری راپەڕین شایستەی خزمەتگوزاری زیاترەو ئەم دەزگایە دەبێتە وەرچەرخانێك لەشێوازی بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو