سەرۆكی ئەمریكا: ئێران زۆر پەرۆشی رێككەوتنە

عیراق 08:58 PM - 2026/05/22

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران "زۆر پەرۆشە" بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن بگاتە رێككەوتن. ئاماژەی بەوەش كرد، چاوەڕێ دەكەن بزانن دۆخەكە بە كوێ دەگات.

رۆژی هەینی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریكا، ترەمپ وتی، هەرگیز رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی. 

سەبارەت بە هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، ترەمپ وتی: گورزی قورسمان لە ئێران داوە، چونكە هیچ بژارەیەكی دیكەمان لەبەردەمدا نەبوو. سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ستراتیژ و كارانەی ئێستا بەرامبەر ئێران دەیكەن، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەیە كە پێشتر لە ڤەنزوێلا گرتوویانەتەبەر. 

وتەكانی ترەمپ لە كاتێكدایە، هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی درێژخایەن چڕبوونەتەوە ‌و دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینیش عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە چارەسەركردنی ناكۆكیەكان ‌و كۆتاییهێنان بە جەنگ گەیشتە تاران.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردووە، ڕۆژی هەینی وەفدێكی دانوستانكاری قەتەری گەیشتوونەتە تاران، ئامانج لەسەردانی وەفدەكەش ئاسانكاریكردنە بۆ رێككەوتنی كۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان تاران و واشنتۆن.

پێش ئەوەش دۆناڵد ترەمپ وتی، ئێمە یۆرانیۆمەكەی ئێران بەدەستی دەهێنین، بەڵام پێویستمان پێی نییە و نامانەوێت، پێدەچێت دوای ئەوەی بەدەستمان هێنا لەناوی ببەین، بەڵام رێگەیان پێنادەین لای خۆیان بیهێڵنەوە. بەپێی خەمڵاندنەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران زیاتر لە 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەرێژەی 60٪ هەیە.

سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەشكردوە، لە شەڕی ئەم دواییەدا 75٪ـی توانای مووشەكیی ئێران لەناوبراوە‌و هێزی دەریایی وڵاتەكەی لەرێگەی گەمارۆوە بەتەواوی كۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزی كردووە، بەهۆی گەمارۆكەوە هیچ كەشتییەك ناگاتە ئێران‌و هیچ كەشتییەكیش لێی دەرناچێت. هاوكات تەئكیدی لە پێویستیی كردنەوەی گەرووی هورمز كردەوە بێ سەپاندنی هیچ باجێك بەسەر ئەو كەشتییانەی پێیدا تێدەپەڕن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو