بومەلەرزەیەكی سیاسی لە توركیا؛ دادگا سەركردایەتی جەهەپەی گۆڕی

عیراق 06:10 PM - 2026/05/22

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنكەرە، بڕیاریدا بە لادانی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لە پۆستەكەی، بە تۆمەتی ساختەكاری لەو هەڵبژاردنە ناوخۆییانەی كە بوونە هۆی سەركەوتنی بۆ سەرۆكایەتی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن لە توركیادا.

ئەم بڕیارە كە وەك بوومەلەرزەیەكی سیاسی پێناسە دەكرێت ‌و بووە هۆی دروستبوونی زنجیرەیەك كاردانەوە لە ناو پارتی گەلی كۆماریدا؛ بەجۆرێك هێزەكانی پۆلیس دەستیان كردووە بە دانانی بەربەست لە دەوروبەری بارەگای سەرەكیی پارتەكە لە ئەنكەرە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی سەركردە و لایەنگرانی پارتەكە لە بارەگاكە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەوازەكەی پارتەكە و سەرۆكە لادراوەكەی، ئۆزەل. 

لای خۆیەوە، ئۆزەل لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكسەوە لە پەیامێكدا بۆ لایەنگرانی پارتەكە رایگەیاند، ئەو خۆی بەدەستەوە نادات. دەشڵێت: بەڵێنتان پێدەدەم بە شەرەف، كەرامەت، ئازایەتی و خەباتەوە.

بەپێی بڕیارەكە، ئۆزگور ئۆزەل‌و دەستەی بەڕێوەبردنی حیزبەكە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی دیسپلین بە شێوەیەكی كاتی لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە و بڕیاردراوە كەمال كلچدارئۆغڵو سەرۆك و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پێشوو ئەركەكانیان وەربگرنەوە.

دوای بڕیارەكەی دادگا جەهەپە سكاڵای تۆماركرد، بەڵام دادگای ئەنكەرە سكاڵای جەهەپەی لە دژی گۆڕینی سەركردایەتی پارتەكە رەتكردەوە و كڵچدار ئۆغڵوش ئەو پارێزەرانەی دوورخستەوە، كە سكاڵاكەیان تۆماركردبوو. بەو جۆرەش دادگاكەی ئەنقەرە، سووربونی خۆی لەسەر بڕیارەكە دووپاتكردەوە كە بەهۆیەوە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە پۆستەكەی دوورخرایەوە و كەمال كڵچدار ئۆغڵو، سەرۆكی پێشوو گەڕێنرایەوە بۆ سەركردایەتیی جەهەپە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو