ئەمریكا فرۆشتنی چەك بە تایوان رادەگرێت و ئامادەكاری بۆ جەنگی ئێران دەكات

عیراق 05:39 PM - 2026/05/22

هۆنگ كاو، بەڕێوەبەری كاروباری وەزارەتی دەریایی ئەمریكا ڕایگەیاند؛ وەزارەتی جەنگی ئەمریكا دڵنیابووەتەوە لە حاڵەتی دەستپێكردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێراندا وڵاتەكەی تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی. ئاماژەی بەوەش كردووە كە پرۆسەی فرۆشتنی چەك بە تایوان "هەڵپەسێردراوە" بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە دابینكردنی تەقەمەنی تەواو بۆ سوپای ئەمریكا لە ئۆپەراسیۆنەكانی پەیوەست بە ئێران.

ئەو لێدوانەی بەڕێوەبەری كاروباری وەزارەتی دەریایی ئەمریكا لە كاتی دانیشتنێكی كۆنگرێسدا هات، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەككەوتنی گرێبەستێكی كڕینی چەك لەلایەن تایوانەوە كە بەهاكەی 14 ملیار دۆلارە.

كاو ڕوونی كردەوە، ئەو گرێبەستە هەڵپەسێردراوە بۆ "دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو تەقەمەنییانەی پێویستمانن بۆ ئۆپەراسیۆنی (داستانی توڕەیی) لەبەردەستماندابن، هەرچەندە ئێستاش بڕێكی زۆرمان هەیە، بەڵام تەنها دەمانەوێت دڵنیابینەوە لە هەموو شتێك، پاشان كاتێك ئیدارەی ئەمریكا بە پێویستی بزانێت، فرۆشتنی چەكەكە دەستپێدەكاتەوە." ئەو گۆڕانكارییانە دوای ئەوە دێن كە دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا، ڕەتیكردەوە پابەندبێت بە تەواوكردنی پرۆسەی فرۆشتنی چەكەكە، ئەمەش نیگەرانی لەلای تایوان دروستكردووە كە چین بە بەشێك لە خاكی خۆی دەزانێت و بەڵێنی داوە بیخاتەوە سەر چین تەنانەت ئەگەر بە بەكارهێنانی هێزی سەربازیش بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو