كۆمپانیای سپەیس ئێكسی ئیلۆن مەسك پلانەكانی بۆ خستنەبازاڕی پشكەكانی لە ئەمریكا ئاشكراكرد و ئەم هەنگاوە دەكرێت ئیلۆن مەسك كە خۆی دەوڵەمەندترین كەسی جیهانە، بكاتە یەكەم تریلیۆنەری جیهان.
خستنە بازاڕی پشكەكانی كۆمپانیاكە لە بازاڕی بۆڕسەی ئەمریكادا، بڕیارە ببێتە گەورەترین لە مێژووی وۆڵ ستریتدا و لەوانەیە مانگی داهاتوو دەست پێبكات. ئیلۆن مەسك خاوەنی زۆرینەی پشكەكانی سپەیس ئێكسە، هەر بۆیە خستنەبازاڕی پشكەكان دەكرێت بیكاتە یەكەم تریلیۆنەری جیهان. بەهای سپەیس ئێكس، یەك تریلیۆن و 250 ملیار دۆلارە و پشكی ئیلۆن مەسك لە كۆمپانیاكە بە 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
هەروەها ساڵی ڕابردوو، مەسك كە خاوەنی كۆمپانیای تێسلایە بۆ ئۆتۆمبێلی كارەبایی، بووە یەكەم كەس لە جیهاندا كە سامانەكەی بگاتە نیو تریلیۆن دۆلار. كاتێك كۆمپانیایەكی گەورەی وەكو سپەیس ئێكس داواكاریی بۆ خستنەبازاڕی پشكەكانی پێشكەش دەكات و دەبێتە كۆمپانیایەكی گشتی، بەهاكەی بەشێوەیەكی گشتی بەرز دەبێتەوە، چونكە هەر كەسێك لە خەڵكی ئاساییەوە تاوەكو دەوڵەمەندترینەكانی جیهان دەتوانێت پشك لە كۆمپانیاكە بكڕێت.