وەزیری دارایی عیراق: پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت

کوردستان 11:01 PM - 2026/05/21

وەزیری دارایی عیراق دەڵێت، پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و نەناردنی داهاتی نانەوتی نابێتە کێشە.

فالح ساری وەزیری دارایی عیراق بە وەزیرێکی کوردی ڕاگەیاندووە، ئەگەر تاوەکو ڕۆژی دووشەممە کێشەی نەختینە دروست نەبێت، پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و پرسی داهاتی نانەوتی نابێتە ڕێگر، بەڵکو دوای جەژن ئەو داهاتە ناوخۆییەی لە هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە، وەردەگیرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی گەلی کوردستان، وەزیری دارایی عیراق بەنیازە ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت؛ بەپێی پلانە نوێیەكە، وەزارەتی دارایی عیراق چیتر بۆ ناردنی شایستە داراییەكان چاوەڕێی ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵكو بڕیارە لەمەودوا هاوشانی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، مووچەی هەرێمی كوردستانیش ڕاستەوخۆ بنێردرێت و ناردنی داهاتی نانەوتی بخاتە دوای وردبینیکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، چونکە تاوەکو مانگ کۆتایی نەیەت وەزارەتی دارایی هەرێم ناتوانێت دیاری بکات داهاتەکانی چەندە،  تاوەکو بەشێکی بداتە بەغداد.

ڕۆژی 21 ـی ئایاری 2026 وەفدێکی تەکنیکی و یاسایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئایاری تەسلیمی وەزارەتی دارایی عیراق کرد و دەست بە وردبینی کردنی کرا و بڕیارە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە وردبینیکردنی لیستەکان تەواوببێت، ئەوکات دەمێنێتەوە سەر بڕیاری وەزیری دارایی کە ئایا تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەمەودوا لەگەڵ مووچەخۆرانی عیراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دابەش دەکرێت یاخود نا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو