شارەوانی سلێمانی: ئەنجامدانی قوربانی لە شەقام‌و گەڕەك‌و ناو ماڵاندا قەدەغەیە

کوردستان 05:16 PM - 2026/05/22

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا، هاووڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە،  ئەنجامدانی قوربانی لە شەقام، گەڕەك و ناو ماڵاندا قەدەغەیە و پێویستە پرۆسەكە تەنها لە كوشتارگە رەسمییەكاندا ئەنجام بدرێت.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كاری ئاژەڵداری تەنها لە مەیدانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان رێگەپێدراوە و هەر سەرپێچییەك لەو رێنماییانە، خاوەنەكەی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

شارەوانی سلێمانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و مامۆستایانی ئاینی دەكات، بەشداری هەڵمەتێكی هۆشیاری بن بۆ ئەوەی خێرەومەندان پابەندبن بە رێنماییەكانی شارەوانی، قائیمقامییەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی بۆ ئەوەی ئاژەڵەكانیان لە كوشتارگەكاندا ئامادە بكەن.

شارەوانی سلێمانی هۆشداریش دەدات لەوەی، ئەنجامدانی قوربانی لە دەرەوەی كوشتارگەكان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، پیسكردنی ژینگە و شێواندنی سیمای شەقامەكان، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەكانی خزمەتگوزاری و زیادەڕەویی بە هاوكاری لیژنە هاوبەشەكان، لە رۆژانی جەژندا لە ئەركدا دەبن بۆ پاراستنی خاوێنی و تەندروستی گشتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو